یەكشەممە, 3 يون 2018 – 11:54 ڕۆژنیوز- بڕیار محەمەد
بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆی نوێی سەربازەکانی دەوڵەتی تورک لەناو گوندنشینانی گوندی بەرمیزە-ی شارەدێی سیدەکان، مەترسییەکی زۆری لای هاوڵاتیان دروستکردووە و ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە.
لەوبارەیەوە، سەعید عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: هاتنی سوپای داگیرکەرانی تورکیا و ئێران بۆ باشوری کوردستان تازە نییە و بەردەوام هەر کاتێک بیانەوێت دێن، سەروەری خاکی عیراق هەمیشە پێشێل دەکرێت.
سەعید عەبدوڵا، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کا ئاخۆ ئەو سوپایە هاتوون خاکەکەمان داگیرکەن، یانیش پێی فرۆشراوە و دەوڵەتی تورک کڕیارە؟.
هەروەها، هەژار ئەنوەر، ڕۆژنامەنووس بە ڕۆژنیوزی وت:”بەرپرسیارییەتی یەکەم لەهاتنی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی باشوری کوردستان لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئەوان چاوساغ و ڕێنیشاندەرن بۆ هاتنی ئەو سوپا داگیرکەرە”.
هەژار ئەنوەر، ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق-یش گرت، کە ناتوانێت سەروەریی خاکەکی بپارێزێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە، ئاماژەی بە مەترسیی گەورەی هاتنی ئەو سوپایە کرد، کە داگیرکارییە و بانگەوازیشی کرد و وتی:”پێویستە لە باشوری کوردستان تەواوی فەرمانبەران و هاوڵاتیان مانگرت لە کارەکانیان ڕابگەیەنن، چونکە حکومەتێکی ئیفلیجمان هەیە و کۆنتڕۆڵەکەی لەژێر دەستی تورکیایە، دەبێت ئێمەی هاوڵاتیی هەڵوێست نیشاندەین”.
ش.ف