دژی داگیرکاریی دوڵەتی تورک داوای هەوڵێستی کرداریی دەکرێت

لایەنە سیاسییەكانی شارۆچكەی سۆران دژی بەردەوامیی داگیركاریی و جموجوڵەكانی سوپای دەوڵەتی توركن لە خاكی باشوری كوردستان، چاودێرانیش داوای هەڵوێستی کرداریی دەكەن.


دەوڵەتی داگیركەری تورك، سەرەڕای هەبوونی دەیان بارەگای سەربازیی لە باشوری کوردستان، ڕۆژانە لەڕێگەی تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانییەوە بۆردوومانی بادینان،قەندیل، باڵەیان و برادۆست دەکات، هەروەها هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی زیاتری خاکی باشور بەردەوامە، لە بەرامبەردا هەندێک لەلایەنە سیاسییەکانی باشورناڕەزایی نیشان دەدەن، بەڵام نەچووەتە چوارچێوەیەكی كردارییەوە.

هەریەك لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە شارۆچکەی سۆران-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، لە لێدوانیاندا بۆ ڕۆژنیوز هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن، هاوڵاتیانیش هەڵوێستی کردراییان دەوێت.

عوقێل سەعید وەیسی بەرپرسی مەڵبەندی ١٢-ی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە سۆران وتی:"ئێمە وەك یەكگرتوو بەهەموو شێوەیەك دژی هەر دەستوەردان و پێشێلكارییەك دەوەستینەوە كە بكرێتە سەر خاكی كوردستان، ئەوەی ئێستاش لە سنوورەكان سوپای توركیا لەشكركێشی كردووە، بە مەترسیداری دەبینین و داواكارین توركیا پاشەكشە بكات، خۆشمان هیچ پاساوێكیش بەدەستەوە نەدەین بۆ هاتنی وڵاتانی هەرێمی بۆ خاكی كوردستان".

ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو، یەكێتی و پارتی بەرپرس دەزانێت  لە لاوازبوونی پێگە و سەروەریی هەرێم و لەبارەی هۆکارەکەشییەوە دەڵێت:"ئەوان دەستیان بەسەر پەیوەندییەكان و تەواوی كارەكانی حكومەتدا گرتووە، بۆیە دەبێت لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بۆ ڕاگرتنی هێرش و پەلامارەكان بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان."

سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی حزبەکەی لەبەرامبەر داگیرکاریی تورکیا، بەرپرسەكەی یەكگرتوو وتی:"بەیاننامەمان دەركردووە."

هەروەها، خاڵس فكری، بەرپرسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە شارۆچكەی سۆران هەڵوێستی جوڵانەوەكەی لە بارەی لەشكركێشی و داگیركاری سوپای تورك خستەڕوو، وتی:"نەوەی نوێ بە توندی ئیدانەی داگیركاریەكانی توركیا دەكات لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و پێویستە توركیا بە سیاسەتی دووژمنكارانەی خۆیدا بچێتەوە".

بەرپرسەكەی نەوی نوێ، وتیشی:"ئەم كارەی دەسەڵاتدارانی توركیا  پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و سەروەریی هەرێمی كوردستانە، جگە لە فاشیستی و نەتەوەپەرستیی ئەم دەوڵەتە، هیچ بیانوویەكی تر نییە بۆ ئەم داگیركارییانە".

خاڵس فکری، داوای لە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم کرد، کە بە زووترین كات لە ڕێگای پەیوەندیەكانیان لەگەڵ وڵاتان ئەم داگیركارییە ڕابگرن و لایەنە نێودەوڵەتیەكان ناچار بە هەڵوەستوەرگرتن بكەن.

لەلایەکی دیکەوە، نەجات یوسف چاودێرێكی سیاسیی، ڕەخنەی ئاڕاستەی لایەنە سیاسیەكان كرد بەهۆی بێدەنگییان لەئاست داگیركاریی سوپای تورك و نەبوونی هەڵوێستی کردایی و وتی:"هەڵوێستی كرداریی و مەیدانی پێویستە بەرامبەر بە داگیركاریی دەوڵەتی تورك، نەك تەنها دەركردنی بەیاننامە".

نەجات یوسف، نیگەرانە لەوەی، کە وەک خۆی باسی دەکات"زاڵبوونی هەژموونی حزب زیانی زۆری بە یەكگرتوویی هێز و لایەنەكان گەیاندووە لەئاست پرسە نەتەوەییەكان" و وتیشی: لەم پرسەدا پێویست بوو تەواوی لایەنەكان دژی داگیركاری هەڵوێستی مەیدانییان هەبێت.

ش.ف