سێشەممە, 19 يون 2018 – 11:18 ڕۆژنیوز – سلێمانی
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دژی مەلا مەزھەر خۆراسانی چوونە دادگای سلێمانی.
مەلا مەزهەر خۆراسانی خاوەنی کەناڵی سروشت، لە بەرنامەی خەندەی ڕۆژووانان لە مانگی ڕەمەزاندا سوکایەتی بە ژن کرد و بە داینەسۆری ناوبردن، ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان دەڵێن ئەمە هانی پیاوان دەدات بۆ توندوتیژی و فرەژنی.
بەھار مونزیر، چالاکوان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: چەند جار سکاڵامان تۆمار کرد لە بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین، بەڵام سکاڵاکانمان لێوەرنەگیرا، ئەمەش بەھۆکاری سیاسی، لەبەرئەوەی مەلا مەزھەر لایەنێکی سیاسی پشتی دەگرێت.
بەھار وتیشی: ئەمڕۆ بە واژۆی نزیکەی ٢٠٠ کەس لە ناوەوە و دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھاتووین سکاڵا دژی مەلا مەزھەر و کەناڵەکەی تۆماربکەین.
لە سکاڵاکەدا کە دوای کۆنگرەکە پێشکەشی داواکاری گشتییان کرد، ھاتووە:”مەلا مەزھەر لە کەناڵەکەیەوە سوکایەتی بە ژن دەکات و ھانی پیاوان دەدات بۆ فرەژنی، بۆیە داواکارین کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەریی بگیرێتەبەر”.
س.ح