دژی پیلانەکانی تورکیا داوای بەستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کرێت

ڕۆژنامه‌نوس و چالاکوانی مه‌ده‌نی شارۆچکه‌ی چه‌مچه‌ماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، داوای به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دەکەن دژی هێرشی دوژمن و داگیرکه‌ران.


له ‌ئێستادا تورکیا دژی باشور و ڕۆژئاوا هێرش و پیلانه‌کانی چڕکردۆته‌وه‌ و حکومه‌تی هه‌رێمیش بێده‌نگیی هه‌ڵبژاردووه‌، بۆیه‌ ڕۆژنامه‌نوس و چالاکوانانی مه‌ده‌نی داوا ده‌که‌ن حکومه‌تی هه‌رێم ڕێگری نه‌کات له‌و هه‌ڵویستانه‌ی له‌لایه‌ن ڕێکخراو و ڕۆژنامه‌نوس و چالاکوانانی مه‌ده‌نییه‌وه‌ دژی تورکیا ئه‌نجامده‌درێت.

ده‌رباره‌ی فشاره‌کانی تورکیا، هه‌ژار بابان ڕۆژنامه‌نوس و چالاکوانی مه‌ده‌نی بۆ ڕۆژنیوز وتى: "زاڵبوونی دوژمنان به‌سه‌ر گه‌لی کورددا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رتبوونی گه‌لی کورد، به‌ڵام یه‌کڕیزیی گه‌لی کورد وایکردووه‌ هه‌میشه‌ ده‌ستکه‌وتی دیکه‌ به‌ده‌ست بهێنێت و زلهێزه‌کان بچنه‌ ژێر داواکاری کورده‌وه‌، له‌ئێستاشدا تورکیا هه‌موو فشاره‌کانی چڕکردۆته‌وه‌ بۆ له‌باربردنی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ ڕۆژئاوای کوردستان هاتۆته ‌به‌رهه‌م، بۆیه‌ له‌ئێستادا یه‌کگرتنی حزبه‌ کوردییه‌کان له‌هه‌موو کات پێویستتره‌".

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی له‌وه‌شکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌کاتێکدا خۆی بێده‌نگه‌ نابێت، ناکرێت ڕێگری بکات له‌ چالاکوانان و ڕۆژنامه‌نوس و ڕێکخراوه‌کان که‌ به‌رامبه‌ر پێشێلکارییه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر باشورو ڕۆژئاوه‌ هه‌ڵوێست ده‌رده‌بڕن.

هەروەها هێمن ئه‌حمه‌د، ڕۆژنامه‌نوس، باس لەوە دەکات هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر باشوری کوردستان به‌رده‌وامه‌ و هۆکاری بێده‌نگی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیادا گرێی داوه‌، بۆیه‌ له‌ئێستادا بە پێویستی دەزانێت کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌سترێت "دژی ئه‌و پێشێلکارییانه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه‌ ده‌کرێت".

هەروەها جەختیشیکردەوە، که‌ گرنگه‌ کورد یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست بێت به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنان لە هەموو پارچەکانی کوردستان.


ک.ک