دژی گۆشەگیریی توندی سەر ئیمرالی و لە ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی سەر ڕێبەر ئۆجالاندا، لە شارەکانی قۆسەر و گەڤەری باکووری کوردستانەوە، ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرەو گەملیک بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی-کەجەکە، ڕاگەیەندراوی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانى باکووری کوردستانی سەبارەت بە گۆشەگیریی سەر ئیمرالی، خوێندەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتبوو، گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و ٢٢ مانگە هیچ زانیارییەکی لەسەر نازاندرێت، ئەو مامەڵەکردنە کاریگەریی لەسەر چارەنووسی هەموو وڵات دەبێت، چونکە چەندە گۆشەگیریی توند بێت، ئەوەندە زیاتر وڵات بەرەو فاشیزم دەچێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش کرابوو، لە ئیمرالی یاسا نییە و هەموو پێوانە مرۆڤایەتییەکان بنپێ خراون و دەسەڵاتی ئاکاپە و مەهەپە دەیەوێت سیاسەتی مردن لەسەر بەڕێز ئۆجالان پێکبێنێت، پەرلەمانتارەکانمان چەندین ڕۆژە دژ بەو دۆخە چالاکیی ئێشکگریی بەڕێوەدەبەن، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
جەختیشکرایەوە، دەبێت بەپەلە وەڵام وەرگرین و ڕێگا بدرێت پارێزەران چاویان بە بەڕێز ئۆجالان بکەوێت.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتبوو، هاتا گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز ئۆجالان بەردەوام بێت، تورکیا ناتوانێت لە قەیرانە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان ڕزگاری بێت، بەڕێز ئۆجالان هیوای ئێمە و ملیۆنان مرۆڤە بۆ چارەسەریی و ئاشتیی دیموکراسیی، دەمانەوێت ئەو هیوایە لە تاریکییدا نەهێڵین.
لەسەر ئەو بنەمایە، پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، داوا لە هەموو هێزە دیموکراسییەکان و ڕای گشتیی دەکەن، دژی گۆشەگیریی هەڵوێست دەرببڕن.
هەروەها ڕایانگەیاند، دژی گۆشەگیریی سەر ئیمرالی، لە ڕۆژی ٦ی شوبات هەتا ١٥ی شوبات، لە هەردوو قۆڵی قۆسەر و گەڤەرەوە ڕێپێوانێکی جەماوەریی ئەنجام دەدەین و بە دروشمی”بۆ چارەسەریی بەرەو گەملیک دەچین”، هەتا ئیمرالی بەردەوام دەبین.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هەموو لایەک کرابوو، کە خاوەنداریی لە هیوای ئاشتیی و ئازادیی بکەن و بەشداریی لە ڕێپێوانەکەدا بکەن، جەختیشکرایەوە، کە هەتا گۆشەگیریی هەڵنەگیرێت درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.
ش.ف