دڵشاد عومەر باس لە گرفتەکانى پەروەردە دەکات بۆ ساڵى داهاتوو

بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى باس لە گرفتەکانى پەروەردە دەکات بۆ ساڵى داهاتوو و دەڵێت، کە گەورەترین کێشەى ئێمە کەمى بیناى خوێندنگەیە، هەروەها باس لە چۆنیەتى چارەسەرکردنى کێشەى ئەو مامۆستایانە دەکات، کە بەنیازى گواستنەوەن.


لەگەڵ دروستبوونى قەیرانى دارایى لە هەرێمى کوردستان لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٤ کەرتى پەروەردەش کەوتە قەیرانێکى گەورەوە، ماوەى سێ ساڵە بە شێوەیەکى سەخت و لەنێو بایکۆتى دەوام لەلایەن مامۆستایانەوە و نەبوونى پێداویستى خوێندندا، خوێندکاران ساڵى خوێندن تێدەپەڕێنن.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى پەروەردەى پارێزگاى سلێمانى، لەبارەى گرفتەکانى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٨-٢٠١٩ بە ڕۆژنیوزى وت:" یەکێک لە گرفتەکانى ئێمە نەبوونى بینایە، دواى ئەوەى حکومەت توشى قەیرانى دارایى بوو کۆمەڵێک بیناى پەروەردە بە تەواو نەکراوەى بەجێهێڵدران، بەڵام خۆشبەختانە لەم ڕۆژانەدا پێیان وتین کە بیناکانمان بۆ تەواو دەکەن، ئێمە ٢٠٠ بیناى نوێمان پێویستە بۆ شارى سلێمانى بەڵام ٥٨ بینا دروستکراوە لەو ڕێژەیەش تەنها ١٤ دانەى تەواو بووە".

ئاماژەى بەوەشکرد: بێجگە لە حکومەت، کۆمەڵێک خێرخواز و کۆمپانیا هەندێک بینایان بۆ دروستکردون بۆ هاوکارى پەروەردە، لەناو شارى سلێمانیدا دوو بینا تەواوکراوە بۆ پەروەردە لەلایەن خێرخوازانەوە، هەروەها هەندێک لەو کۆمەڵگاى نیشتەجێبوونانەى کە دروست دەکرێن مەرجە بیناى قوتابخانەى تێدا دروستبکرێت، بەڵام تا ئێستا تەواویان نەکردووە، بۆیە ئێمە ڕێکارى یاساییمان لە بەرامبەردا گرتوونەتەبەر، داواکارى گشتیمان ئاگادار کردووەتەوە پێویستە تەواوى بکەن چونکە هەندێکیان خەڵکى تێدا نیشتەجێ بووە قوتابخانەمان نییە.

دڵشاد عومەر، باسى لەوشکرد: گرفتێکى دیکەی پەروەردە کۆنى بیناکانە، بۆ ئەوەش هەوڵیانداوە لەڕێگەى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە هەندێک لە بیناکان نوێ بکرێنەوە، ئەنجامى هەوڵەکەشیان ئەوە بووە کە هەشت بیناى قوتابخانە لەڕێگەى شنەباى یابانى نوێکراوەتەوە، شەش دانەش لەڕێگەى یونسێفەوە نوێکراوەتەوە.

بەڕێوبەرى پەروەردە ئەوەشى ئاشکراکرد، کە بۆ نۆژەنکردنەوەى بیناکان ٣ میار و ٦٠ ملیۆن دینار هاوکارى بۆ وەزارەتى پەروەدە هاتووە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، لەو بڕەش ٧١٣ ملیۆن دینارى بەر پارێزگاى سلێمانى کەوتووە، ئەوانیش بەو پارەیە دەستیان بە نۆژەنکردنەوەى هەندێک بیناى قوتابخانە کردووە.

یەکێکى دیکە لە کێشەکانى وەزارەتى پەروەردە کێشەى نەبوونى پێداویستى خوێندنە، هەروەها شکان و کۆنبوونى پێداویستییەکانە، دڵشاد عومەر، دەڵێت، کە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە هەوڵیان داوە لەڕێگەى کۆمپانیاکان و خێرخوازان و وەزارەتى پەروەردەوە پارە کۆبکەنەوە بۆ کڕینى کەرەستەى دروستکردن و نوێکردنەوەى ئەو کەرەستانە و دواتر لە کارگەیەکەى دارتاشى تایبەت بە وەزارەتى پەروەردە ئەو کەرەستانە نوێبکەنەوە.

لەدواى دروستبوونى قەیرانى دارایى لە هەرێمى کوردستان دامەزراندنى مامۆستاى نوێ ڕاگیراوە، بۆیە ئەو مامۆستایانەى کە لە شوێنە دورەکان دامەزراون کێشەى ئەوەیان هەیە، کە کارى گواستنەوەیان بۆ ناکرێت، لەبەر ئەوەى کەس نییە بخرێتە جێگەکەیان، بەڕێوبەرى پەروەردەى سلێمانى دەڵێت، کە ئێمە هەوڵمانداوە لەڕێگەى وانەبێژەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، وانەبێژەکان دەستبەکار دەبن، هەوڵدەدەین کە لە داهاتووشدا ئەگەر دامەزراندن کرایەوە ئەم وانەبێژانە دابمەزرێنین، چونکە ئێستا هاوکارمان دەبن.

ک.ک