تیمی کورستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی ڕایگەیاند، وەزیری دادی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕزگاربووانی هێرشەکانی تورکیا و ئێران بەڵێنیداوە، دۆسیەی قوربانییانی هێرشەکانی تورکیا و ئێران بباتە کۆبوونەوەی ئایندەی ئەنجومەنی وەزیران.
ڕۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ژمارەیەک لە ڕزگاربووانی هێرشەکانی تورکیا و ئێران لەگەڵ تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی و دوو ئەندامی کەمپەینی “کۆتاییهێنان بۆ بۆردوومانەکانی سەرسنور” سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقیان کرد.
شاندەکە لە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیاندا لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سی پی تی، “لە دیدارەکەدا، نوێنەرانی وەفدەکە بە نوێنەرایەتی تەواوی ئەو خانەوادانەی کە لە کوردستان و عێراق بوونەتە قوربانی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران، سەرباری داوای قەرەبووکردنەوەیان، داوایان لە بەڕێز مەندەلاوی کرد کە لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە، هەموو ڕێگە دیپلۆماسی و یاساییەکان بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی بۆردوومانەکان”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سی پی تی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی بەو خێزانانە دا، کە “هەموو دەسەڵاتێکی خۆی بەکاربهێنێت بۆ بەرپرسیارکردنی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق لە قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان و خانەوادەی قوربانییان، هەروەها دڵنیاییدان لە پاراستنی گیانی ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانەی، کە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەژین”.
لە بەشێکی تری سەردانەکەیاندا بۆ بەغداد، شاندەکە لەگەڵ خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق کۆبووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا خانەوادەی قوربانییەکان نیگەرانییان دەربڕی لەوەی، کە قوربانیانی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە فەرامۆش کراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سی پی تی، خالید شوانی بەڵێنیداوە، کە قەرەبووی تەواوی ئەو خانەوادانە بکاتەوە، کە لە بۆردوومانەکاندا کەسوکاریان لەدەستداوە یاخود برینداربوون. هەروەها بەڵێنیشیداوە، کە لە کۆبوونەوەی ئایندەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، ئەم باسە بخاتە بەر گفتوگۆ.
ب.ل