دیار غەریب: ئەگەر ئەردۆغان بەهێزبوایە لە هیچ شتێک سڵی نەدەکردەوە

دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، وتارێکی بە ناونیشانی "شیلادزێ و دێرەلوک شێوازی تێکۆشانی ئەم قۆناغەیان دیاریی کرد" بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئەگەر تورکیا و ئەردۆغان ئەوەندە بەهێزبوونایەوە ئەوا لە هیچ شتێک سڵیان نەدەکردەوە.


دیار غەریب نوسیویەتی: گرنگە کە پارتی و حکومەتی هەرێم ئەوەندە نەکەونە ژێر کاریگەری بانگەشە و پڕوپاگەندەکانی دەزگای شەڕی تایبەتی تورکیاوە، کە وای نیشان دەدەن حکومەتی تورکیاو ئەردۆغان زۆر بەهێزن و ئەوان ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکەن و ئەوەی ڕووبەڕوویان ببێتەوە ئەوا دەکەوێتە بەر ڕەشەبای ئەردۆغان و لەناو دەچێت، بێگومان ئەگەر ئەوەندە بەهێزبوونایەوە ئەوا لە هیچ شتێک سڵیان نەدەکردەوە.

دەقی وتارەکەی دیار غەریب، کە تایبەت بۆ ڕۆژنیوزی ناردووە، بەم شێوەیەیە:

شیلادزێ و دێرەلوک شێوازی تێکۆشانی ئەم قۆناغەیان دیاریی کرد

ڕۆژی ٢٦/١/٢٠١٩ خەڵکی شیلادزێ و دێرەلوک چونە سەر بارەگای لەشکری سوپای تورکیا لە نزیکی ئۆردوگای سیریەی نزیکی شیلادزێ و دەستیان گرت بەسەر بارەگاکەدا، بەشێک لە فەرماندەو سەربازەکانی ناو بارەگاکەیان دەستبەسەر کرد و بەشێکیشیان هەڵهاتن. دواتر خۆپیشاندەران هەستان بە سوتاندنی ئەو کەلوپەلە سەربازیانەی کە لەناو بارەگاکەدابوون. ئەم ڕووداوە لە دوای ئەوە ڕوویدا کە فڕۆکە سەربازیەکانی تورکیا لە ڕۆژی ٢٣/١/٢٠١٩ دا بە بۆمباران چوار گەنجی ئەو ناوچەیان شەهید کرد و دووانیشیان بریندار کرد، کە هەتا ئێستا تەرمی دوان لەو گەنجانە نەدۆزراونەتەوە.

ڕوداوەکەی شیلادزێ جەماوەری کوردستان و دۆستانی کوردی دڵخۆشکرد و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیاشی توشی شۆک و نیگەرانیەکی مەزن کرد. هەر بۆیە زۆر زوو ئەو ڕووداوە دەنگیدایەوەو لەناو ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکانی دنیادا پانتاییەکی بەرفراوانی داگیر کرد. زۆر کەس و لایەن ئەمەیان بە ڕاپەڕین و سەرەتای شۆڕشێکی نوێ بەناو کردو بانگەوازیان کرد کە هەموو شاروشارۆچکەکانی تری کوردستان پشتیوانی ئەم هەنگاوەی خەڵکی شیلادزێ و دێرەلوک بکەن و بەتەنیا بەجێیان نەهێڵن. وەکو بینیشمان لەم چەند ڕۆژەدا زۆربەی پارتی و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات و کۆمەڵەو ڕێکخراوی مەدەنی پشتیوانی خۆیان بۆ جەماوەری ناوچەکە دەربڕی و داوایان کرد کە دەوڵەتی تورکیا هێزەکانی خۆی لە خاکی باشور بکشێنێتەوە. لەچەندین شارو شارۆچکەش هەوڵدرا کە چالاکی جەماوەری بۆ پشتیوانی خەڵکی شیلادزێ، سێریەو دێرەلوک نیشان بدەن. بێگومان ئەو هەڵوێستانەی لەم چوارچێوەیەدا نیشاندران گوزارەی ڕاستی نیشتمانپەروەری ئەو کەس و لایەنانەن.

هەرچی ئەردۆغان و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیایە لە ڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە دەستیان وەردایە ناو بارودۆخەکەوەو فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ ترساندنی جەماوەری خۆپیشاندەر ماوەیەکی درێژ بە نزمی بەسەر ناوچەکەدا سوڕانەوەو چەندین بۆمبی دەنگیان بەسەر ناوچەکەدا فڕێدایە خوارەوە. لەلایەکی ترەوە بانگەشەی ئەوەیان کرد ئەو کارە کاری گەل نیە، بەڵکو کاری پەکەکەیە. هەر بەوەشەوە نەوەستان پەنایان بردە بەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و داوایان کرد کە پێش لە تەشەنەکردنی ئەو ڕوداوە بگرن. بێگومان ئەوەش نیشانیدا کە دەوڵەتی تورکیا چەندە تەنگاوەو ترسی لێ نیشتووە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش سەبارەت بە ڕوداوەکە داوای لێبوردنی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا کردو ئەنجامدەرانی ئەو کارەی بە گێرەشێوێن بەناو کردو بەڵێنیدا کە ڕوداوەکە کۆنترۆڵ بکەن. هەر لەدوای ئەو پەیوەندیەشەوە لەڕێگەی هەڕەشەو فشارەوە خواستیان کۆتایی بەو بارودۆخە بهێنن و ڕێگە لە تەشەنەکردنی چالاکیەکە بۆ ناوچەکانی تر بگرن.

ئەوەبوو لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانەدا ڕێگەیان نەدا لە دهۆک خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی خەڵکی شیلادزێ ئەنجام بدرێت. ژمارەیەک چالاکوانیشیان لە دهۆک و ناوچە جیاجیاکان دەستگیر کرد. نێچیرڤان بارزانی هەر بەوەوە نەوەستا پەکەکەی وەکو هۆکاری شەهیدبوونی ئەو گەنجانە نیشاندا کە بە بۆمبارانی فڕۆکەی تورکیا شەهیدبوون. بەوەش خواستی دەوڵەتی تورکیا لەو تاوانانەی کردویەتی بشواتەوەو پەکەکە تاوانبار بکات و بیکاتە ئامانج و نیگەرانی گەل ئاڕاستەی پەکەکە بکات. دوای ئەو هەڵوێستانە خلوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا ڕاستەوخۆ پەکەکەی بە ئەنجامدەری ڕوداوەکەی شیلادزێ ناوزەدکردو سوپاسی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ ئەوەی کە توانیویانە کۆنترۆڵی ڕوداوەکە بکەن. ئەمەو دواتر فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەدهۆک پەکەکەی بەهۆکاری ئەو ڕوداوانەو زیانمەندبوونی خەڵکی باشوری کوردستان بەناوکردو داوای کرد کە پەکەکە خاکی هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵێت و ئەوەشیان وت کە ئەوان ناخوازن خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەی هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتە هاوسۆزەکانمان. دیارە نێچیرڤان بارزانی و فراکسیۆنی پارتی بەو هەڵوێستانەیان دەوڵەتی تورکیاو نەیارانی کوردیان دڵخۆشکردو گەلی کوردو دڵسۆزانی گەلی کوردیان نیگەران کرد. بیانوشیان بۆ ئەو هەڵوێستانەیان ئەوەیە کە ئەوان حکومەتن و بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان پێویستە پەیوەندیان لەگەڵ دراوسێیەکان باش بێت و ناکرێت دراوسێیەکان بکەنە نەیاری خۆیان.

ئەوەی جێگەی سەرنجە گەلی باشور بەگشتی، بەتایبەتیش جەماوەری ناوچەی بادینان لەڕابردووداو لەم هەڵوێستەی ئەم دواییەشدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دۆستی کورد نیین و ئەوان دژی گەلی کوردن، هەبوونی گەلی کورد بە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەبینن. لەبەر ئەوە هەبوونی گەلی کوردو دەسکەوتەکانی گەلی کورد پەسند ناکەن. هەر بۆیە باوەڕی بەو لێدوانانەی تورکیا ناکەن کە پەکەکە وەکو بیانو نیشان دەدەن و خۆیان وەکو دۆستی گەلی باشور نیشان دەدەن. گەل پێی وایە کە دەوڵەتی تورکیا بە قەسد گەل دەکاتە ئامانج، لەو کارەشدا دوو مەبەستیان هەیە.

یەکەم: ئەوەیە کە گەلی باشور بترسێنن و بێ ئیرادەیان بکەن. دووەم: ناکۆکی لە نێوان گەلی باشور و پەکەکەدا دروست بکەن و بەو شێوەیە دابڕان لە نێوان گەلی باشور و باکوردا دروست بکەن و گەلی کورد لاواز بکەن. بە پێچەوانەوە، پارتی دیموکرات، بەرپرسانی ئەو پارتە لە حکومەتی هەرێم دەوڵەتی تورکیا وەکو دۆست و هاوسۆزی هەرێمی باشور دەبینن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەوڵەتی تورکیا بە قەسد خەڵکی مەدەنی باشور ناکاتە ئامانج، بەڵکو بەهەڵە ئەو خەڵکە مەدەنیە بەر بۆمباران کەوتون. هاوشێوەی دەوڵەتی تورکیاش، پەکەکە بە هۆکاری شەهیدبوونی خەڵکی سڤیل لەقەڵەم دەدەن.

لێرەدا دەمەوێت لەسەر هەڵوێستی گەل و هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی و حکومەتی هەرێم و پەرلەمانتارەکانی پارتی چەند شتێک بەبیری خوێنەر بهێنمەوە هەتا لە ڕێگەیەوە بزانین ئەو هەڵوێستەی کە گەل نیشانیدا دەسکەوتەکان و شکۆی گەلی باشور دەپارێزێت، دۆستایەتی و دراوسێیەتی مسۆگەر دەکات، یان ئەوەی کە حکومەت و نێچیرڤان بارزانی نیشانی دەدەن. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی دەوڵەتی عوسمانی و کۆماری تورکیاو هەڵوێستیان بەرامبەر بە گەلی کورد ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت، هەروەها ئەوەشمان بۆ دەردەکەوێت کە ئایا دەوڵەتی تورکیا دۆستی کوردو هاوسۆزی هەرێمە یان نەیارو دوژمنی هەرێمی کوردستانە؟!

١ـ دوای ئەوەی کە ئیتحادو تەرەقی لە ساڵی ١٩٠٨ دا حوکمی عوسمانیان گرتە دەست، لە ساڵی ١٩٠٩ دا شێخ سەعیدی حەفیدی باوکی شێخ مەحمودو شێخ ئەحمەد براگەورەی شێخ مەحمودو شێخ مەحمودیان دەست بەسەر کردو بردنیا‌نە موسڵ و بە پیلانگێڕی شێخ سەعید و شێخ ئەحمەدیان تیرۆر کرد. وەکو مێژوونوسان و خەڵکی بە ئاگا باسیان کردووە شێخ مەحمودیش بە ڕێکەوت ڕزگاری بووە لەو تیرۆرە.

٢ـ لە ساڵی ١٩٠٩ هەتا ساڵی ١٩٢٤ گەلێک ستەم لە ناوچەی بادینان دەکەن، بە تایبەتیش لە ناوچەی بارزان، ئەمە وا دەکات شێخ سەلامی بارزانی ڕووبەڕوویان ببێتەوە. دواجار شێخ سەلام بە ناچاری ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و لەوێ خەڵکی ڕۆژهەڵات بەڕێزەوە لە باوەشی دەگرن و دەیپارێزن. کاتێک لە ٢٩/١٠/١٩١٤ دا دەوڵەتی عوسمانی بەشداری شەڕی یەکەمی جیهانی دەبێت، پەیام بۆ شێخ سەلام دەنێرن و داوای لێدەکەن کە بگەڕێتەوەو بەشداری سەفەربەرلک ببێت و دژی کافران هاوشانی دەوڵەتی عوسمانی شەڕ بکات. شێخ سەلامیش بەدڵسۆزی دەگەڕێتەوە، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی دەستگیری دەکەن و لە مانگی ١٢ی ١٩١٤ لە سێدارەی دەدەن.

٣ـ لە ساڵانی ١٩١٩-١٩٢٣ دا زۆربەی ئەفسەری کورد، سەرۆک هۆز، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی کورد چالاکانە بەشداری جوڵانەوەی ڕزگاری نەتەوەیی تورکیایان کردو ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە سەرخستنی مستەفا کەمال و دروستکردنی کۆماردا، بەڵام کە کۆمار دامەزرا نکۆڵی لە گەلی کورد کردو زۆربەی ئەو کەسایەتیانەشی کە هاوکاری مستەفا کەمالیان کرد، ملیان کرا بە پەتی سێدارەوە.

٤ـ لە زستانی ١٩٢٣ دا کاتێک کە حکومەتی مستەفا کەمال لەگەڵ بریتانیاو هاوپەیمانەکانیدا لەدانوستاندنەکانی لۆزاندا بوو،  ویلایەتی موسڵ و باشوری کوردستانیش بابەتێکی سەرەکی ناکۆکیەکان بوو، مستەفا کەمال لە ڕێگەی فەرماندە ئۆزدەمیر پاشاوە ڕێکەوتنێکی ١٠ ماددەیی بە ژێربەژێری لەگەڵ حکومەتەکەی شێخ مەحموددا ئیمزا کردو بەڵێنی ئەوەی پێدا کە دان بە حکومەتەکەی شێخ مەحموددا لە باشوری کوردستاندا دەنێت. بەڵام کاتێک پەیمانەکانی لۆزانی (١٩٢٣)و ئەنقەرەی (١٩٢٦)ی لەگەڵ بریتانیاو ئێراقدا ئیمزا کرد، نەک تەنیا دەستی لە شێخ مەحمود بەردا، بەڵکو لە پەیمانی ئەنقەرەی ٥/٦/١٩٢٦ دا بەو مەرجە دەستی لە موسڵ بەردا بۆ ئێراق کە ڕێگە نەدەن لە باشوری کوردستان و ویلایەتی موسڵدا کە زۆرینەی کوردبوون، دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروست ببێت.

٥ـ ئەوەی کە کەمێک ئاگاداری مێژووی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بێت، ئەو ڕاستیە دەزانێت کە لەسەر پێداگیری تورکیا سیڤەر ڕەتکرایەوەو پەیمانی لۆزان جێگەی گرتەوە. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەو پێداگیریە ئەوەبوو کە کورد نەبێتە خاوەنی قەوارەیەکی سەربەخۆ.

٦ـ شێخ ئەحمەدی بارزان لە ساڵی ١٩٣٢ پەنای بردە بەر دەوڵەتی تورکیا، بەڵام دەوڵەتی تورکیا دوور لە هەموو عورفێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دۆستایەتی شێخ ئەحمەدیان ڕادەستی حکومەتی ئێراق و بریتانیا کردەوە.

٧ـ بەکر سدقی کە فەرماندارێکی کورد بوو، لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیشدا دۆستی مستەفا کەمال بوو. لە ساڵی ١٩٣٦ دا کودەتایەکی سەربازی کردو دەیخواست ئێراق لە ژێر دەستی بریتانیا ڕزگار بکات و مافی گەلی کوردیش لە ئێراقدا بەرجەستە بکات. بۆ ئەو مەبەستەش دەیخواست سود لە ناکۆکی بریتانیاو تورکیا وەربگرێت و پشتیوانی لە دەوڵەتی تورکیا دەخواست. بەڵام بەپلانی دەوڵەتی تورکیاو بەدەستی کەسێکی تورکمان لەموسڵ لە ساڵی ١٩٣٧ تیرۆر کرا.

٨ ـ لە مێژووی دەوڵەتی تورکیاو حکومەتەکانی ڕابردووی ئێراقدا، لە هەموو ئەو ڕێکەوتن و پەیمانانەی کە لەنێوان هەردوو دەوڵەتەکەدا ئیمزا کراوە، بۆ نمونە: ڕێکەوتنی ئەنقەرەی ١٩٢٦، سەعد ئابادی ١٩٣٧، بەغدادی ١٩٥٥ و پەیمانی ١٩٨٢، یەکێک لەو خاڵانەی کە تورکیا داوای کردووەو پێداگیری لەسەر کردووە ئەوەبووە کە دەوڵەتی ئێراق بەئاڕاستەی پەسندکردنی مافەکانی گەلی کورددا هەنگاوی زیاتر نەهاوێژێت و ئەو هەنگاونەشی ناوێتی لایەنی هەری کەمی جێبەجێ بکات. ئامادەیی خۆشی نیشانداوە بۆ پشتیوانیکردنی ئێراق بۆ ڕاوەدوونانی جوڵانەوەی کوردی. هەڵوێستەکانی بەرامبەر جوڵانەوەی ئەیلول و جوڵانەوەی گەلەکەمان لە دوای هەستانەوەی ساڵی ١٩٧٥ بە ئاشکرا دیار بوو.

٩ـ دەوڵەتی تورکیا هەمیشە هەوڵیداوە ئاستەنگی دروست بکات لەبەردەم ڕێکەوتنی کوردی باشور و حکومەتی ئێراقدا، لەم بوارەشدا گەلەکەمان هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر دیالۆکی ساڵانی ١٩٧٠ـ ١٩٧٤ نێوان پارتی و حکومەتی ئێراق و دیالۆکی ساڵانی 1983ـ1985 نێوان یەکێتی و حکومەتی ئێراق بەباشی دەزانن.

١٠ـ لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ تاکە دەوڵەت کە زۆر بە سەرسەختی ئاستەنگی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دروستکردنی حکومەتی هەرێم دروست دەکرد دەوڵەتی تورکیابوو. دوای هەوڵدانێکی زۆر بە دوو مەرج ئەوەی پەسند کرد، ئەوانیش یەکەم: داوای کرد ئەو حکومەتەی لە هەرێم دروست دەبێت هاوکاری تورکیا بکات بۆ سەرکوتکردنی پەکەکە. دووەم؛ ئەو حکومەتەی دروست دەبێت کاتی بێت و دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام کۆتایی پێ بهێندرێت. ئەوەتا هەتا ئێستا دروستبوونی ئەم قەوارەیە وەکو هەڵەیەک بەناو دەکەن و دەخوازن لە هەر کاتێکی گونجاودا ئەو هەڵەیە ڕا‌ست بکەنەوە. هەر بۆیە هەتا ئێستاش ئامادە نین دان بە حکومەتی هەرێمدا بنێن و بە بەڕێوەرێتی باکوری ئێراق بەناوی دەکەن و ئامادە نین ڕێگە بدەن کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە تورکیا بکرێتەوە. گومانی ئێدا نیە کە ئەگەر بوونی پەکەکەو دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا نەبوایە ئەوا ٢٠١٧ دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تورکیا لەگەڵ ئێراقدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرد کە کۆتایی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بهێنن و بارودۆخی ئێراق و نێودەوڵەتیش بۆ ئەوە گونجاو بوو. بەڵام تورکیا ترسی ئەوەی هەبوو کە هەنگاوێکی بەو شێوەیە ڕووی خەڵکی باشوور بکاتە پەکەکەو ئەزمونی ڕۆژئاواو ئەوەش بەسودی ئەوان نەشکێتەوە. هەربۆیە لەو پلانە پاشگەزبویەوەو پێی وابوو ئەو پلانە کاتی نەهاتووەو پێویستە هەڵیبگرن بۆ کاتێکی تر. لە جێگەی ئەوە پلانی ئەوەی دانا کە حکومەتی هەرێم زیاتر کۆنترۆڵ بکات و بۆ سودی خۆی بەکاری بهێنێت، لە ئێستاشدا ئەو پیلانە بەڕێوە دەبات.

١١ـ دەوڵەتی تورکیا هەمیشە هەوڵیداوە پارت و ڕێکخستنەکانی کوردستان یەکگرتوو نەبن، تەنیا لە یەک حاڵەتدا خواستیەتی یەکگرتوو بن، ئەویش کاتێک کە بەڵێن بدەن خزمەتی دەوڵەتی تورکیا بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش ئەوەی لەدەستی هاتبێت کردوویەتی و لە ئێستاشدا دەیکات. هەر کەس و لایەنێک ئەوە دەزانێت کە لە ساڵی ١٩٩٤ـ ١٩٩٨ ئەوەی کە ڕۆڵی خراپی بینی لە نێوان پارتی و یەکێتیداو ئاگری شەڕی ناوخۆی گوڕ دەکرد، دەوڵەتی تورکیا بوو، هەمیشە وایدەکرد کە گومان لە یەکتر بکەن و ڕێکنەکەون. کاتێک کە نزیکی یەکتریش دەبوونەوە بۆ ڕێکەوتن، هەمیشە مەرجێکی دەخستتە پێشیان ئەویش ئەوەبوو کە دەبێت لە شەڕی دژی پەکەکدا هاوکاری دەوڵەتی تورکیا بکەن، ئەگەر ناو ئەو کارئاسانیان بۆ ناکات کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان هاوکاریان بکەن. ڕێکەوتنی واشنتۆنیش باشترین گەواهیدەرە. هەروەها لە سەر ئاستی گشتی کوردستانیش هەر کەس و لایەنێکی دڵسۆز و بەویژدان دەزانێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ بەهۆی دەستێوەردانی تورکیاوە کۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجام نەدرا.

١٢ـ کاتێک کە داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، دەشتی موسڵ، جەلەولا، خورماتو، داقوق، مەخمور، هەولێر و کەرکوک دەوڵەتی تورکیا بە لێدوانێکیش پشتیوانی هەرێمی نەکرد، بەپێچەوانەوە هاوکاری داعشی دەکردو چاوەڕوانی ئەوەبوو کە هەرچی زووترە قەوارەی هەرێم بکەوێتە دەستی داعش و ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٩٢ کردویانە.

١٣ـ کاتێک لە ٢٥/٩/٢٠١٧ دا لە هەرێمی کوردستاندا ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، هەموومان ئەوەمان بینی ئەوەی کە لەهەموو دونیا زیاتر دژی ڕیفراندۆم بوو و گەلەکۆمەی لەسەر باشوری کوردستان کرد ئەردۆغان و حکومەتەکەی بوو.

ئەمانە مشتێکن لە خەروارێکی هەڵوێستەکانی دەوڵەتی تورکیاو حکومەتەکەی ئەردۆغان لەبەرامبەر بە گەلی باشور، سەرکردەو دەسکەوتەکانی. لە زۆربەی ئەو ڕوداوانەی کە باسمان کردن فاکتۆری پەکەکەو جوڵانەوەی کوردی باکور بوونیان نیە. لە بەرامبەردا لەسەردەمی جوڵانەوەکانی شێخ سەلامی بارزان، شێخ ئەحمەدی بارزان، مەلامستەفای بارزان، جوڵانەوەی ئەیلول، شکست و کۆچبەری ساڵی ١٩٧٥، هەستانەوەی دوای ساڵی ١٩٧٥، کاتی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان، شکستی ١٩٨٨، کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ و لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر باشوری کوردستاندا هەر کەسێک دەزانێت هەڵوێستی پەکەکەو خەڵکی باکورو بەشەکانی تری کوردستان بەرامبەر بە باشورو دەسکەوتەکانی چی بوون. هەربۆیە خەڵکی باشوری کوردستان دەزانێت کێ دۆست و هاوسۆزێتی و کێش نەیارو ڕەقیبێتی. بێگومان ئەگەر نێچیرڤان بارزانی و فراکسیۆنی پارتیش خۆیان فریو نەدەن ئەم ڕاستیانە هەمووی دەزانن. ئەو پێزانینە وایکرد کە مەسعود بارزانی لەکاتی پاراستنی مەخمور و هەولێردا چووە لای گەریلاکانی پەکەکەو سوپاسی و دەستخۆشی لێ کردن. هەر ئەو هەڵوێستەی پەکەکەش بوو گەلێک کەس و لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی لە پەکەکە ڕەنجاندو ڕەخنەیان دەکردو دەیانگوت کە پەکەکە تەختی بارزانی پاراستووە، ئەگەر پەکەکە نەبوایە ئەوا بارزانی هەولێر و سەری رەشیشی لە دەست دەدا. دەیانگوت ڕۆژێک دێت پەکەکە لەو هەڵوێستەی پەشیمان دەبێتەوە. ئێستاش ئەو کەسانە بە پەکەکە دەڵێن ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە پارتی چاکەی ئێوە دەداتەوەو ئێوە پەشیمان دەبنەوە.

بێگومان پەکەکە لەو هەڵوێستانەی کە بۆ پاراستنی گەل و خاکی کوردستان لەهەر جێگەیەک بێت نیشانیداوە پەشیمان نیەو پەشیمانیش نابێتەوە، چونکە ئەوەی بە ئەرکی خۆی زانیوەو بۆ خاتری هیچ کەس و لایەنێک نەیکردووە. لە ئێستا بەدواشەوە درێغی لە هەڵوێستی بەو شێوەیە ناکات. بەڵام گرنگە پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی هەرێم ئەو ڕاستیە بزانن کە دەوڵەتی تورکیاو حکومەتی ئەردۆغان دۆستی کورد نین. دەوڵەتێک کە بە هیچ شێوەیەک دان بە ماف و ناسنامەی ٢٠ـ٢٥ ملیۆن کوردی وڵاتەکەی خۆیدا نانێت. بیست ساڵە ڕێبەری ئەو گەلەی دەسگیر کردووەو دوور لە هەموو پێوەرێکی مرۆیی، ئەخلاقی و یاسایی لەگەڵیدا مامەڵە دەکات، نزیکەی چوار ساڵە بەتوندترین شێوە گۆشەگیریان کردووەو ڕێگە نادەن نە پارێزەرەکانی، نە وەکیلەکەی و نە خانەوادەکەی سەردانی بکەن، لە هەموو مافێکی پەیوەندی کردنیش بەدەرەوە بێبەشیان کردووە. سێ مانگیشە لەیلا گوڤەن و بە سەدان کەس مانیان گرتووە لەخواردن بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی پێ بهێنێت و دەست لە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کورد بەر بدات، بەڵام وەڵامێکی جددیان نادەنەوە، لە جێگەی ئەوە ڕۆژانە سیاسەتمەداران و چالاکوانانی کورد دەگرن. دەوڵەتێک هەموو ڕۆژێک هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاواو جەخت لەوە بکاتەوە کە ئەوان ڕێگە نادەن هەڵەیەکی وەکو ئەوەی باکوری ئێراق لە باکوری سوریا ڕووبدات. وەکو لەسەرەوە باسمان کرد دەوڵەتێک ئەوەندە دژایەتی سەرکردە، جوڵانەوە و دەسکەوتەکانی باشوری کوردستانی کردبێت ئایا چۆن دەبێت دەوڵەتێکی بەو شێوەیە دۆست و هاوسۆز بێت؟! بێگومان ئێمەش حەز دەکەین دەوڵەتی تورکیاو دەوڵەتەکانی تریش بکەین بە هاوسۆزی گەلی کورد و دۆستمان بن، بەڵام مەخابن لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا نەک دۆستایەتی ناکات، بەڵکو لە لوتکەدا دژایەتی گەلی کوردو هەر دەسکەوتێکی گەلی کورد دەکات. یاخود ڕێگڕە لەوەی کە کورد لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدا ببێتە خاوەنی هیچ دەسکەوتێک.

دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئامانجەی خۆی کە لەناوبردنی هەموو دەسکەوتەکانی کوردستانە، دەخوازێت پارچە هێرش بکاتە سەرمان. چونکە دەزانێت ئەگەر پێکەوە هەموو کورد بکاتە ئامانج ئەوا کورد زیاتر یەکگرتوو دەبن و ئەویش ناتوانێت بگاتە ئامانجەکانی خۆی. بەڵام ئەگەر بتوانێت پارچە پارچە هێرش بکاتە سەرمان ڕەنگە کارەکەی بۆ ئاسانتر بێت، خۆ ئەگەر لەناو خۆماندا کرمی دارمان هەبێت ئەوا کارەکە بۆ ئەو زۆر ئاسانتر دەبێت. گومانیشی تێدا نیە کە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بتوانێت پەکەکە و دەسکەتەکانی ڕۆژئاوا لاواز بکات، ئەوا لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە حکومەتی هەرێم دێنێت. گەلە تێکۆشەرەکەشمان ئەو ڕاستیانە دەزانێت، هەر بۆیە خواستی لەڕێگەی ئەو ڕاپەڕینەوە پەیامی خۆی بگەیەنێتە دەوڵەتی تورکیاو دەسکەوتەکانی خۆشی بپارێزێت. بێگومان دەوڵەتی تورکیاش لەم هەڵوێست و ڕاستیە تێگەیشتووە هەر بۆ ئەوە ئەوەندە ترساوەو هەموو گەلی شیلادزێ و دێرەلوک بە پەکەکە ناوزەد دەکات و دەخوازێت بەو شێوەیە گەلی ئەو ناوچەیە بکاتە ئامانجی هێرشەکانی و چاویان بترسێنێت. بێگومان ئەگەر هەموو لایەک، بە تایبەتیش پارتی و یەکێتی کە دەسەڵاتدارن لە هەرێمی کوردستاندا هاوشێوەی گەل هەڵوێستیان نیشان بدایە، ئەوا نە دەوڵەتی تورکیاو نە هیچ دەوڵەتێکی تر نەیاندەتوانی ئەوەندە بێ ڕێز هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن. ئەو کاتە دەسکەوتەکان، شکۆو ناسنامەی گەلیش دەپارێزرا. مخابن حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی پارتی دیموکرات سیاسەتێکی بەو شێوەیە بەڕێوە نابەن. حکومەتی هەرێم دەبێت بزانێت ئەو هەڵوێستەی گەل دەکەوێتە خزمەتی بەهێزبوونی دەسکەوتەکانی گەل و ئیرادەی حکومەتی هەرێمیشەوە، ئەو هەڵوێستە وا دەکات کە نەیارانی کورد ئیتر ئەو بوێریە نیشان نەدەن کە بە کەیفی خۆیان مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکەن. هەربۆیە پێویست بوو حکومەت ئەگەر نەیدەتوانی پشتیوانیان بکات ئەوا دژیان نەوەستایەتەوە. بەدڵنیاییەوە حکومەت بەو کردەوەیەی خۆی لاواز کرد. هۆکاری ئەمەش چیە دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی وەڵام بداتەوە. هۆکارەکان هەرچی بن دەبێت بزانن ئەگەر داخوازیەکانی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێ بکەن پێش هەر کەسێک زیان بەخۆیان دەگەیەنن. چونکە ئەگەر ئەردۆغان و باخچەلی لەو سیاسەتەیاندا دژی کورد سەر بکەون، ئەوا چارەنوسی ئەو کەس و لایەنانەی لایەنگری ئەردۆغانیان کردووە لە چارەنوسی شێخ عەبدولقادری نەهری و حەسەن خەیری و هاوڕێکانیان باشتر نابێت، کە مستەفا کەمالیان گەیاندە سەر تەخت و دواتر پەتیش کرایە ملی خۆیان و لە سێدارە دران. خۆ ئەگەر ئەردۆغان و باخچەلی سەر نەکەون، کە ئەم ئەگەرەیان شیمانەی زۆر زیاترە، چونکە هەر کەسێک دەزانێت کە ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا لە ئێستادا لە لوتکەی لاوازی خۆیاندان، ئەو کاتە ئەوانەی هاوکاری دەوڵەتی تورکیایان کردووە شەرمەزاری ناو گەل و مێژوو دەبن.

هەربۆیە گرنگە کە پارتی و حکومەتی هەرێم ئەوەندە نەکەونە ژێر کاریگەری بانگەشەو پڕوپاگەندەکانی دەزگای شەڕی تایبەتی تورکیاوە، کە وای نیشان دەدەن حکومەتی تورکیاو ئەردۆغان زۆر بەهێزن و ئەوان ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکەن و ئەوەی ڕووبەڕوویان ببێتەوە ئەوا دەکەوێتە بەر ڕەشەبای ئەردۆغان و لەناو دەچێت! بەو شێوەیەش دەخوازن حکومەتی هەرێم و خەڵکی باشور بترسێنن و یەخسیریان بکەن. بێگومان ئەوەندە بەهێزبوونایەوە ئەوا لە هیچ شتێک سڵیان نەدەکردەوە. ئەوە لاوازیانە وای لێکردوون شەوو ڕۆژ لەبەردەمی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتدا خۆیان هەراج بکەن. ئەوە لاوازیانە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی. ئەوە لاوازیانە ڕاپەڕینی شارۆچکەیەکی بچوک ئەوەندە دەیانترسێنێت. دیارە ئەردۆغانێش بە ناڕاستەوخۆ چەندین جار دانی بەم لاوازیەیاندا ناوەو دووپاتی کردۆتەوە کە ئەوان شەڕی مان و نەمان دەکەن. ئەوەش ئەوە دیاری دەکات کە ئەوان دەزانن لە سەر لێواری نەمانن. جا حکومەت و دەوڵەتێک لەم بارودۆخەدا بێت، پێویستە هیچ کەس و لایەنێک چارەنوسی خۆیانیان پێوە نەبەستنەوە.

لە کۆتاییدا دەڵێم جەماوەری شیلادزێ، دێرەلوک و سیرییە نمونەیەکی جوانیان پێشکەشکرد بۆ سەرتاپای کوردستان و ڕێباز و شێوازی چالاکی گەلیان لەم قۆناخەدا دیاری کرد. گرنگیشە کە گەلەکەمان لە باشور، ڕۆژئاوا، باکوریش چاو لەو جۆرە چالاکیە مەدەنیە بکەن و سنوور بۆ داگیرکاری ئەردۆغان و حکومەتەکەی دابنێن.