"دیار غەریب دەیوت سەرەتا بۆ مرۆڤایەتی پاشان بۆ کورد خەبات بکەن"

ژنان لە بناری قەندیل باس لە کەسایەتی شەهید دیار غەریب، ناسراو بە "هەڤاڵ هەڵمەت" دەکەن، سەرنج دەخەنەسەر ئامۆژگارییەکانی ئەو بۆیان، کە چەندین جار پێیوتوون خەبات سەرەتا بۆ مرۆڤایەتییە پاشان کورد، هاوکات باس لە کەسایەتیی و ڕێزی شەهید دەربارەی ژنان و خەباتی ژنان دەکەن.


دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، لە ٥ی مانگی ڕابردوودا شەهیدبوو، ئەو ژنانەی لە نزیکەوە شەهیدیان ناسیوە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و باس لە کەسایەتی و خەباتی دیار غەریب دەکەن.

ئامینە حەمەد دانیشتووی گوندی پردەشاڵی بناری قەندیلە، دەربارەی کەسایەتی شەهید دیار غەریب، دەڵێت: یەکەم جار کە چاوم بە هەڤاڵ هەڵمەت کەوت پێی سەرسام بووم، کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ بوو قسەی لە گەڵ کردم، ئامۆژگاری زۆری کردم، بۆ نمونە پێی وتم 'دەبێ وڵاتی خۆمان خۆش بووێت، خەڵک پێکەوە باش بێت، هیچ کات جیاوازی لە بەینی حزبەکان مەکەن هەموومان کوردین'، بەردەوام هیوای دەخواست ناخۆشی لە بەینی کوردان و بە تایبەت حزبە کوردستانیەکاندا نەمێنیت، کارو خەباتی هەڤاڵ هەڵمەت نەک بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ هەمو گەلانی بن دەست بوو.

ئامینە باسی هیواکانی شەهید دیار دەکات و وەها بەردەوامیی بە قسەکانی دەدات: هەڤاڵ هەڵمەت ئاواتی ئەوە بوو کە کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسرێت و هەموو کوردان لە دەوری یەکتردا کۆببنەوە، هەڤاڵ هەڵمەت کەسێکی شۆرشگێڕبوو، بە تایبەت لە باشوری کوردستان چاوی بە هەر کەسێک دەکەوت بە منداڵ و گەنج و پیرەوە باوەشی لێدەدا ڕێز و حورمەتی بۆ هەموو کەسیک هەبوو، هەموو تەمەن و ژیانی خۆی پێشکەشی مرۆڤایەتی و کوردی بن دەست خزمەتی گەل و وڵات کرد، لە دەستدانی هەڤاڵ هەڵمەت کۆسپ و کەلێنێکی گەورەی لە شۆڕشی ئازادی دورست کرد، کاتێک لەگەڵ خەڵک قسە دەکەم و دەڵێن شەهید هەڵمەت هیچکات ناتوانم بڵێم شەهید هەڵمەت، چونکە ئێستاش باوەڕناکەم کە شەهید بووە، وەسفی هەڤاڵ هەڵمەت بە کەس تەواو نابێت.

هەروەها گوڵاڵە عوسمان هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، کە پێش شەهید بوونی دیار غەریب ئەوی دیبوو، وەها دەدوێت: شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت کارەساتێکی گەورە بوو، هەر کەسێک یەک جار هەڤاڵ هەڵمەتی بینیبێت بە هەڵسوکەوت و قسەکانی سەرسام بوو، هەمو کەسێک بەپەرۆش بوو، کاریگەری زۆری لە سەر خەڵکی باشوری کوردستان هەبوو، جیا لە کاری حزبی ئەو پێشەنگایەتی بۆ هەموو کوردێک کردووە، هەمیشە بڕوای وابوو ئەگەر کورد یەک بگرێت هیچ هێزێک ناتوانێت بەرەنگاری بێتەوە، هەمیشە ئەوەی بە ئێمە دەوت ئێمە مرۆڤ دۆست و بۆ مرۆڤایەتی کار بکەین، نەک تەنیا هەوڵ و تەقاڵامان بۆ کورد بێ، سەرەتا مرۆڤایەتی و دواتر نەتەوایەتی بین.

دەربارەی کەسایەتی و هەڤاڵێتی شەهید دیار و ژنان، گوڵاڵە دەڵێت:"هەڤاڵ هەڵمەت ڕێزێکی تایبەتی لە ژنان دەگرت و بەردەوام پاڵپشتی ژنانی دەکردو دەیوت 'دەبێت ژنان باوەڕی تەواویان بە توانا و هێزی خۆیان هەبێت'، لە سمینارێکدا بۆ کۆتا جار کە چاوم پێکەوت بە جۆرێک قسەی دەکردو ئامۆژگاری ئێمەی دەکرد، کە بۆ کۆتایین جار بمانبینێت، هەڤاڵ هەڵمەت کاریگەریی زۆری لە ناو تاکەکان و بە تایبەتی خەڵکی باشوری کوردستان دروست کردبوو، بۆیە دوژمنان و ناحەزانی گەلی کورد ئەو حەزلێکردنەی خەڵک بەرامبەر هەڤاڵ هەڵمەتیان پێ قبوڵ نەکرا و شەهیدیان کرد، بە شەهیدکردنی هەڤاڵ هەڵمەت ویستیان شۆڕشی ئازادی کپ بکەن، بەڵام نەک  شۆڕش کپ نەبوو بەڵکو ئاگری شۆڕش پرشنگدارتر و گەشاوەتر دەبێت".

 

س.ح