دیمەشق: یەک زەڕە لە داگیرکردنی خاکەکەمان قبوڵ ناکەین

سەبارەت بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا، باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕژێمی سوریا هەڵوێستی خۆی لەسەر زاری جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان یەک زەڕە لە داگیرکردنی خاکەکەیان قبوڵ ناکەن.


فەیسەڵ میقداد، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند:" دیمەشق هەموو خاکی سوریا دەپارێزێت و هیچ داگیرکارییەک لەسەر خاکەکەی قبوڵ ناکات".

جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا ئاماژەی بەوەشکردووە:" لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەکی تورکیا بۆسەر خاکی سوریا، بەهەموو توانایەک بەرگری لە وڵاتەکەمان دەکەین و داگیرکردنی زەڕەیەک لە خاکی وڵاتەکەمان قبوڵ ناکەین، بەڵام پێویستە ئەوانی دیکەش خۆیان نەخەنە هیچ گێژەڵۆکێکەوە، چونکە ئێمە ئامادەین بەرگری لە خاک و گەلەکەمان بکەین".

لەبارەی بەردەوامی ئاڵۆزیی و چارەسەرییەکانی سوریاوە، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا دەستنیشانی کردووە" سوریا لە چارەکە کاتژمێری کۆتایی ئاڵۆزییەکانی دایە، ئێمە دەمانەوێت کێشەکانی سوریا بەڕێگایەکی ئەرێنی و دوور لە توندوتیژی چارەسەربکەین بەڵام بەشێوەیەک پارێزگاری لەهەر زەڕەیەک لە خاکی سوریا بکات".

ب.ش