وا بڕیارە ڕۆژی دوو شەممە دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی پێنج دەستگیرکراوی شیلادزێ لە دادگای تاوانی دووی هەولێر ئەنجام بدرێت و نوێنەری زیندانیکراوەکانیش ڕایگەیاند دەبێت پەدەکە و دەسەڵاتی دادوەری و یەنەکە و گۆڕان و نەوەی نوێ خەجاڵەتبن.
ئەیهان سەعید نوێنەری دەستگیرکراوانی بادینان لە نوسینیکدا بەبیری هێناوەتەوە کە ڕۆژی دوو شەممە ١٦ی مانگ دادگاییکردنی “پێنج چالاکوانی بە ناحەق زیندانیکراوی شێلادزێ لە دادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەڕێوەدەچێت”.
نوینەری دەستگیرکراوانی بادینان وتوشیەتی لەم دۆسیەیەدا دەبێت سێ لایەن خەجاڵەت بن، وەک ئەو دەڵێت پەدەکە خەجاڵەت بێت و “چیتر بە ناحەق و بە نایاسایی چالاکوان و رۆژنامەڤان لەسەر بۆچونی جیاواز و خۆپیشاندانی مەدەنی زیندانی نەکات”.
وتوشیەتی: دەبێت دەستەڵاتی دادوەری لەم ھەرێمە خەجاڵەت بێت و سەروەری خۆیان بپارێزن، نەکەونە ژێر ڕکێفی حزب و باسی لەوەشکردووە، دەبێت یەکێتی، گۆڕان و نەوەی نوێ خەجالەت بن کە کادرەکانیان لە زیندانن و ئەوانیش تەنیا خەریکی بەیاننامەی بێکردار و چەند راپۆرتێکی میدیایین، ئەگەر ڕاست دەکەن گشتان لەبەردەم دادگا ئامادەبن.
باسی لەوەشکردووە ئەو چالاکوانەنەی شیلادزێ سێ کەسیان کادری گۆڕان و یەنەکە و نەوەی نوین و دەشڵێت: ئەگەر سەرکردایەتی ئەم سێ ھێزە یەک توز شعور و وەفیان بۆ کادرەکانیان ھەبێت رۆژی دوو شەممە پێنج ھەزار ئەندام و کادرو لایەنگری خۆتان لەبەردەم دادگا کۆدەکەنەوە یاخۆد کەسی یەکەمی حزبەکان بچنە بەردەم دادگا نەک تەنیا چەند پەرلەمانتارێک کە پشتریش ھەلوێستی باشیان ھەبوو.
بەبیریسی هێناوەتەوە ئەو چالاکوانانە ٥٤٧ رۆژە لە زیندان ئازار دەچێژن و دەشڵێت: دۆسیەی زیندانیانی بادینان لەوە دەرچوە باسی نایاسایی بوونی و جۆری ئەشکەنجە و ھەڕەشە لەسەریان بکەین، ھەر لە شێوازی ڕفاندنیان و ڕێگەپێنەدان بۆ بینینی پارێزەری خۆیان کە بەپێ (اصول محاكمات جزائية) بکوژێکیش مافی پارێزەری ھەیە، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا دۆسیەکەیان بچێتە دادگا، بەڵام ساڵێک و شەش مانگە ئاسایشی پارتی ڕێگربوون لە ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگا.
ها-غ