دەبێت کورد بەرامبەر بە داگیركاریی دوژمنان یەکدەنگ بێت"

ڕۆژنامەنووسانی شارۆچکەی ڕانیە داوادەكەن كورد لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان یەكدەنگ بن و بەر بە داگیرکارییەکانی بگرن، پێشیان وایە ئەگەر دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەونە مەترسیەوە، باشوری کوردستانیش لەژێر هەڕەشەدا دەبێت.


لەبارەی هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بەرامبەر بە ڕۆژئاوای كوردستان، ڕۆژنامەنووسانی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ ڕۆژنیوز دوان.

دیاری محەمەد، یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەیە و وتی: ئەردۆغان و هاوکارەکانی بەردەوام وتویانە کورد لە هەركوێ بێت دژی دەوەستینەوە، لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ۱۹۹۱ تورکیا نەیشاردووەتەوە کە بە هەموو شێوەیەک دژی دەستکەوتی کوردان دەوەستێتەوە، ئەمڕۆش گەلی کورد و هەموو گەلانی باکوری سوریا لەژێر سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی جێگایان گرتووە، بەڵام تورکیا چاوی بە دەستکەوتەکانی کوردان هەڵنایەت و درێغیی نەکردووە لە بۆردوومان، کاری سیخوڕیی، تیرۆر و چەندین كاری دیکە.

دیاری، خۆشحاڵیی نیشاندا، کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان توانیویانە چەترێک دروستبکەن کە پیلانگێریی‌ تورکیا شکست پێبهێنن، لە ئێستادا مەترسییەکی گەورە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و بە تایبەت کۆبانێ دروستبووە، ئەگەر گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێش ئەوەی کارەسات ڕووبدات، هۆشیار و خاوەن هەڵوێست نەبن و بە کردەوە لە بەرامبەر تورکیا نەوەستنەوە، ئەوا جارێکی تر کارەساتەكانی ئەنفال و کیمیاباران و عەفرین دووبارەدەبنەوە.

سەردار قادر، ڕۆژنامەنووسێكی دیكەی ڕانیەیە، پێی وایە تورکیا بە هاوکاریی هێزی نێودەوڵەتیی هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان،، هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیشی بە هێرش بۆسەر تەواوی کوردان وەسفكرد، کۆنگرەی نەتەوەییشی بە چارەسەر بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێریی داگیرکەران زانی.

ئەو ڕۆژنامەنووسە وتیشی: ئەرکی ڕۆشنبیران، کەسایەتیەکان، لایەنە سیاسییەکانە، کە بچنە سەر شەقام و بە لێدوان و تێگەیاندنی ڕایگشتیی جیهان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێنە دەنگ، ئەگەر دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەونە مەترسیەوە، بێگومان باشوری کوردستانیش لەژێر هەڕەشەدا دەبێت، بۆیە هەموو دەست لەناو دەست هەوڵ بۆ یەکڕیزی و پووچەڵکردنەوەی پلانی دوژمنان بە تایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بدەین.

ش.ف