"دەبێت کورد بە یەکگرتوویی بەرنگاری داگیرکەر ببێتەوە"

لە سمینارێکدا لە شاری هەولێر تیشک خرایە سەر ئەرک و پێگەی کورد لە ململانێ نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکاندا و بەپێویست بینرا کە کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی پیلانگێڕیی داگیرکەران ببێتەوە.


نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشوری کوردستان، کاتژمێر ٤:٣٠ خولەکی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لە بارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە شاری هەولێر، سمینارێکی لەژێر ناوی ڕۆڵ و پێگەی کورد لە ململانێ نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکان، بۆ د.کامەران مەنتک، مامۆستای زانکۆ و دیلان دیرایەت، پەرلەمانتاری هەدەپە ڕێکخست.

لە سمینارەکەدا، بەشێک لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، چالاکوانان، چاودێرانی سیاسیی و هاوڵاتیان ئامادەبوون.

لە سەرەتادا دیلان دیرایەت، پەرلەمانتاری هەدەپە، تیشکی خستە سەر گەورەیی پیلانی داگیرکەران بۆ بچوککردنەوە و لەناوبردنی گەلی کورد و وتی: داگیركەران بە تەنها كار لەسەر بچوكکردنەوەی كورد ناكەن لە باكوری كوردستان، بەڵكو كار بۆ بچووککردنەوەی هەموو گەلی كورد دەكەن لە تەواوی پارچەكانی كوردستان، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەکەوە ڕوبەرووی ئەو پیلانە داگیركاریانەی دەوڵەتی تورك ببینەوە.

دیلان دیرات، ئاماژەی بۆ خراپی دۆخی باکوری کوردستان و گوشار و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک کرد بۆسەر گەلی کورد و ئەندامانی هەدەپە و وتی: لە باكوری كوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هێرش و پەلامارەكانی دەوڵەت بۆسەر كوردان و ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە زیاتر دەكات، بە تایبەتیش ئێستا کە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانە.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە، وتیشی، کە ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیکات بەتەواویی پێچەوانەی مافی مرۆڤ و دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو مەترسییانەش چوونە لای یەکی هێزە کوردییەکانی بە گرنگ زانی.

 پاشان، د.كامەران مەنتك، مامۆستا لە زانكۆی سەلاحەدین  وتی: ئەو شەڕەی ئێستا لە ناوچەکە ڕوودەدات، شەڕێکی بچووک نییە و دەستپێکی شەڕی جیهانییە.

کامەران مەنتک، باسی لەوەش کرد، کە ئێران و توركیا لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا توانیان خۆیان بەهێز بكەنەوە ئەمەش مەترسیی  خستە سەر هەژموونی ئەمریكا لە ناوچەكە، بۆیە  ئەمریكا دەستی بە گۆڕانکاریی كرد لە شێوازی سیاسەتكردن، ئێستا ئەوەی دەگوزەرێت  ئێمەی خستووەتە بەردەم دووڕیانێكەوە یەكەمیان ئەوە ئەمریكا دەیەوێت هاوشێوەی ساڵانی پێشووتر هەژموونی خۆی لە ناوچەكە بەهێز بكاتەوە یاخود یاخود  ئێرانە كە دەیەوێت بە شێوەیەك هەژموونی خۆی بە سەر عێراق و ناچەكەدا بسەپێنێت.

هەر لە سمینارەکەدا باس لەوە کرا، کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک پێویستە کورد یەکبگرێت و پێگەی خۆی بەهێز بکات، بەپێچەوانەشەوە هەموو دەرفەتەکانی لەدەست دەچێت و جارێکی دیکە پارچە پارچە دەکرێت لەلایەن هێزە هەژموونگەراکانەوە.

ش.ف