ئێوارەی ئەمڕۆ ساڵیادی شەهیدبوونی زیلان کرایەوە وتیایدا داواکرا هەمووان ڕووبەڕووی داگیركارییەكانی توركیا بوەستنەوە، تاكە چارەسەریش بۆ ئەوەی گەلی كورد لەخوێنڕشتن دووربكەوێتەوە یەكگرتنە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لەهۆڵی لیزا كافێ لەشارۆچكەی دەربەندیخان ڕێكخراویی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان ٢٦هەمین ساڵیادی شەهید بوونی شەهید زیلانی بەئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لەخەڵكی شارەكە کردەوە.
سەرەتایی مەراسیمەكە بەوەستانی خولەکێک بۆ ریزلێنان لە شەهیدان دەستی پێكرد، پاشان سینەفیزینێک لەسەر ژیانی شەهید زیلان بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەكە نمایش کرا.
حەكیم عەبدولكەریم، بەشداربووی مەراسسیمەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی، یادكردنەوەی شەهید زیلان بەئەركێكی ئەخلاقی و نیشتیمانی خۆمانی دەزانین، چونكە شەهیدبوونی زیلان مانایەكی گەورەی هەیە، ئەویش ئەوەیە پەیامێكی گەورەی بەدوژمنانی گەلەكەمان داوە.
لە بارەی پەیامی شەهیدبوونی زیلان وتی: لەدوای شەهیدبوونی ئەو جوڵەیەكی گەورە لەبزافی ڕزگاری خوازی گەلی كورد دروستبوو بەتایبەت لەجوڵە و ئازادی ژن، ئەوە پێمان دەڵێت: شەهید زیلان ئەگەر لەكردەیەكی خۆكوژیدا چالاكی ئەنجامدابێت، ئێمە ئەوە پێچەوانە دەكەینەوە، بەڵكو كردەیەكی ژیانەوەی دوژمن هەژێنی ئەنجامداوە.
ئەو وتیشی: هەتا زیلانەکان و بەرخۆدانی گەریلا لەچیاكانی كوردستان مابن، هەتا بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە هەبن، ئەم گەلە خاوەنداری هەیە و دەمانگەیەنێت بەكەناری ئارامی، ئەویش بەیەكڕیزی لەناوخۆی خۆماندا.
ها-ع