دەرچوانی دانەمەزراو داوای پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ دەکەن

دەرچوانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و جارێکی دیکە داوای دامەزراندن، ڕەخساندنی هەلی کار و کردنەوەی کارگە و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیان کرد.


ئەمڕۆ لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، ناوەندی ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچکەی دەربەندیخان، وەڵادزێ و پێنجوێن و سەیدسادق، دەرچوانی دەنەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا و لەدژی دانەمەزراندیان ناڕەزاییان پیشاندا.

لەم مانگەدا ئەمە دووەمین خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ئەو دەرچوانەیە و لەبەردەم دادگا، قائیمقامیەت و ئەنجومەنی پارێزگا و بینای ئیدارەکاندا گرددەبنەوە.

ئامادەبوانی خۆپیشاندانەکان درووشمەکانی "داهاتی ئەو گشت نەوتە مافی هەموو میللەتە"، "لە سایەی حکومەتی کوردیی هەرچیمان خوێند ئاوبرد" و چەندین دروشمی دیکەیان دەوتەوە.

داواکاریی دەرچوانی دانەمەزراو بریتیبوون لە:

ـ دامەزراندن و دابینکردنی هەلی کار بۆدەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەپێی ساڵی دەرچوونیان.

ـ دابینکردنی بودجەی تایبەت لە پڕۆژەی یاسای بودجە بۆ دامەزراندنی ساڵانە و نوێ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

ـ لەپێناو بەرقەرار بوونی یەکسانی هەلی کاردا، ڕێکخستنی کاری فەرمانبەران لە کەرتی گشتی و تایبەت.

ـ جێبەجێکردنی یاسای کاری عێراقی لە فەرمانگە حکومی و کەرتی تایبەتدا.

ـ دوورخستنەوەی کەسانی ناکارامە و پڕکردنەوەی شوێنەکانیان بە کەسانی کارامەی نێوخۆیی.

ـ بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و نەهێشتنی بێکاریی و پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆیی، هەوڵ بۆ دامەزراندنی چەند کارگەیەکی ناوخۆیی لە شارۆچکە  و شارەدێکان بدرێت.

ـ کاراکردنەوەی یاسای پێدانی قەرزی بچووک بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان.

ـ بڕینەوەی دەرماڵە بۆ دەرچووکانی کەرتی تایبەت و حکومیی.

-کەمکردنەوەی موچەی خانەنشینە پلە باڵاکان بە ڕێژەی لە ٪٥۰، بۆ ئەوەی خوێدکارانی دەرچویی زانکۆ ی پەیمانگاکانیان پێدابمەزرێت. 

گەرمیان

سلێمانی

هەولێر

ڕانیە

سەیدسادق

 

ش.ف