دەرچووانی تواناسازی ‌لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە

ژمارەیەك لە دەرچووانی تواناسازی لە بەرامبەر خەرجنەكردنی شایستەداراییەکانیان، لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە.


ژمارەیەک لە دەرچووانی تواناسازی شاری هەولێر، بەمەبەستی گەیاندنی داواكاریەكانیان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گردبوونەوە و داوادەكەن حكومەت ئەو پارەیەیان بۆ خەرج بكات كە پێشتر بڕیاری لەسەرداوە.

دانا دلاوەر، یەكێك لە دەرچووانی ماستەر کە زانكۆی شێفڵ هاڵای لە بەریتانیا تەواوكردووە،  بە نوێنەرایەتی  خوێندكارەكان ڕاگەیاند: "دوای چەند ساڵێك لە تەواوكردنی خوێندن تائیستا بەهۆی پێنەدانی پارە بە زانكۆ، بڕوانامەمان پێنادەن و ئەمەش كاریگەری لەسەر دەروونمان درووستكردووە، سەرباری ئەوەی خانووەکانیشمان هێشتا لە ڕەهندایە و حكومەت هەڵینەوەشاندووەتەوە".

وتیشی: ئێمەی دەرچووانی تواناسازی لە كاتی قەیران لەسەر ئەستۆی خۆمان ماڵ و موڵكی خۆمان هەرزان فرۆش كرد بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بخوێنین، دوای پێنج ساڵ بەسەر گەڕانەوەمان و چاوەڕوانیمان بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانمان تائێستا مافەکانمان پێنەدراوەتەوە و داوا دەكەین بە زوترین كات كۆتایی بەو چاوەڕوانیە بێت و شایستە داراییەکانمان پێبدەن.

دەرچووانی تواناسازی تائێستا چەندین جار بۆ گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکانیان لەبەردەم بینای پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران گردبونەتەوە.

ک.س