دەرکەوتنی ئومێد لە ئەوروپا و هەفتەیەکی قورس لەبەردەم ئەمریکا

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاماری قوربانیانی کۆرۆنا ڤایرۆس لە جیهان، ئەوروپا پاشەکشەیەکی بەرچاوی کردووە بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو، ئەمریکاش وەک ئەوەی ترامپ هۆشداری دا، هەفتەیەکی قورسی لەبەردەمدایە.


بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، زیاتر ٧٠٪ی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا تۆمار کراوە، بەجۆرێک لەکۆی زیاتر لە ٧٠ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لە جیهان، ٤٩ هەزارو ٥٠٠ حاڵەتیان لە وڵاتانی ئەوروپا تۆمار کراوە.

ئیسپانیا بۆ ماوەی هەفتەیەکە ئامارەکانی کۆرۆنا تیایدا کەمیکردووە، لە فەرەنساش ماوەی چەند رۆژێکە ئاماری مردن و توشبوون بە ڤایرۆسەکە بۆ نیوە دابەزیوە، شاژنی بەریتانیاش مژدەی سەرکەوتنی بەسەر ڤایرۆسەکە بە خڵکی وڵاتەکەی دا لە زووترین کاتدا، لە ئیتاڵیاش کە ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی قورس کاریگەری دروستکردووە، ماوەی چەند ڕۆژێکە پاشە کشەی بەرچاو لە ئامارەکەنادا بەدی دەکرێت.

بەڵام لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤایرۆسەکە تا دێت توندترو بەربڵاوتر دەبێت، سەرۆکی ئەمریکاش دوێنێ هۆشداری دا کە شەپۆلێکی توندی ڤایرۆسەکە لەبەردەمیان ماوەو وتیشی زۆرینەی ئەوانەی توشبوون، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گیانلەدەستدەدەن، پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە نزیک بە ٢٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار کەس لە ئەمریکا بە ڤایرۆسەکە گیانلەدەستدەدەن.

بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تا کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ژمارە توشبووان لە جیهان گەیشتە یەک ملیۆن و ٢٨٢ هەزارو ٣٩١ کەس، لەو ڕێژەیەش ٧٠ هەزارو ١٨٣ کەس گیانیان لەدەستداوەو ٢٦٩ هەزارو ٤٩٦ کەسیش چاکبووەتەوە.

س.ح