دەزگا حزبییەکان بەخێر نەوت بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەن

لەکاتێکدا سێ ساڵە بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە، کەچی کۆمەڵێک کۆمپانیا و دەزگای حزبیی بەخێر نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکەن.


لە ماوەی ڕابردوودا، هەریەکە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانیی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانی سەر بە ئیدارەی گشتیی یەکێتیی، کۆمپانیای فاروق گروپ لە سلێمانی، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و حاجی کاروان ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەک "خێر" دەستیان بە دابەشکردنی نەوت کردبوو بەسەر هاوڵاتیاندا.

لەکاتێکدا ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە، ساڵانە نەوتی سپیی بەسەر هاوڵاتیان دابەش بکەن لەم هەرێمەدا، کە ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەسەر ئەم بابەتە بۆچوونی هاوڵاتیانمان وەرگرت.

ئامانج جەلال، عاربانەیەکی وەستاندبوو چەرەسی دەفرۆشت، وەک خۆی وتی: من ئەمساڵ نەوتم وەرنەگرتووە و لە بازاڕدا کڕیومانە، لەکاتێکدا ئەمە ئیشی حکومەتە لە ساڵێکدا لانیکەم بەرمیلێک نەوت دابەش بکات، ئێمە نەوتمان زۆرە بەڵام دیارە بەهۆی بێدەنگیی خەڵکەوە ئەوان بۆیان چووەتە سەر بۆیە نەوت دابەش ناکەن.

عەبدوڵقادر مەجیدیش هاوڵاتییەکی کرێچیی دانیشتووی سلێمانییە، دەڵێت: ئەمساڵ بەرمیلێک نەوتم کڕیوە بە ١٣٥ هەزار، کەم بەکاری دەهێنین بۆ ئەوەی بەشمان بکات، ڕەنگە تا سەرما کۆتایی دێت بەرمیلێکی دیکەش بکڕم، لەکاتێکدا ئەگەر وەک پێویست بەکاری بهێنم ئەوا ساڵی سێ بەرمیل نەوتم پێویستە.

دەشڵێت: ئەوە مافی خۆمانە نەوت وەربگرین، بەڵام حکومەت دابەشی ناکات و وەک خێر پێمان دەدات و دەیکەن بە چاکە بۆ خۆیان.

عەلی سەلیم، هاوڵاتییەکیی دانیشتووی شارۆچکەی عەربەتە و خانەنشینە، دەڵێت: ئەوە سێ ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووە، بەرمیلم کڕی بۆ نەوت کەچی قەیرانی غازیشی هاتە سەر، هەتا ئەم دەسەڵاتە لەسەر حوکم بن، نە نەوت دەبینین و نە غاز.

دەشڵێت: هەتا ئێستا حەوت دەبە و دوو بەرمیل نەوتمان بەکارهێناوە و بەرمیلم بە ١٢٥ هەزار کڕیوە، ئەمساڵ سێ تانکەر نەوتیان ناردووە بۆ عەربەت، تەنها کۆمەڵێک ماڵ وەریگرتووە و تەواوبووە، ئێمە مافی خۆمانە ئەوان دەیخۆن کەچی بە خێر نەوتەکەمان بەسەردا دابەش دەکەن.

ڕەحمان محەمەدیش دانیشتووی سلێمانییە و دەڵێت: بەرپرسەکان نە بێ نەوتیی دەبینن و نە سەرما، ئەمە تەنها بۆ خەڵکی هەژارە، خەڵکەکەش ملی بۆ کەچکردوون، ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن، نەوت دابەش نەکەن مووچە دابەش نەکەن بە ئارەزووی خۆیانە، بۆ نەوت بۆ بەنزینخانە ئەهلییەکان هەیە بۆ ئێمە نییە؟.

دابەشنەکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیان لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری وزەی ئەمریکا لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانیی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایکرد، هەرێمی کوردستان لە وڵاتی لیبیا زیاتر نەوت دەفرۆشێت.

س.ح