ڕۆژنیوز- بڕوا ئەسعەد
ئومێد بەرۆشکی ئاشکرای دەکات، کە سەرەڕای ئەوەی بە تۆمەتی ناڕاست سزادراون و لە زینداندا لە دۆخێکی خراپدا بوون، لەدوای ئازادکردنیشیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر و دهۆکەوە چاودێریی دەکرێن و فشاریان لەسەرە.
ئومێد بەرۆشکی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، ڕۆژی ١٨ی ئابی ٢٠٢٠ لەگەڵ چەند چالاکوانێکی دیکە لە شاری دهۆک دەستگیرکرا و حەوت کەیسی لە دادگای دهۆک و هەولێر لەدژ کرایەوە، دوای دادگاییکردن، بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانییکردن و پێبژاردنی ٢٤٠ هەزار دینار سزادرا.
دوای پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا، دادگا ساڵێک لە سزاکەی کەمکردەوە و بە ئازادکردنی مەرجدار، ڕۆژی ڕۆژی ٢٢شوباتی ٢٠٢٢ ئازادکرا، بەشێوەیەک تا سێ ساڵی دیکە هەرکات دادگا بیەوێت، دەتوانێت بیخاتەوە زیندان.
ئومێد لە لیدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، باسی لەوە کرد، کە ئەوان لە چوارچێوەى ئەو هەڵمەتى ڕەشبگیرییەى دەسەڵات لەدژى رۆژنامەنوسان و دەنگە ئازادەکانى بادینان دەستیپێکردبوو، دەستگیر کران و وتی:”وەک خۆم حەوت دۆسیەم لەدژ کرابووە، کە سەرجەمیان دۆسیەى ڕۆژنامەوانى و داواکردنى مافى هاوڵاتیانى هەرێم بوو”.
بەرۆشکی، دەستگیرکردنى ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان لەبەرامبەر مافى هاوڵاتیاندا، بە پێشێلکردنى بنەماکانى مافى مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناودەبات و دەڵێت: نابێت بەهۆى کارى ڕۆژنامەوانییەوە هیچ کەسێک دەستگیر بکرێت.
سەبارەت بەدۆخى دەستگیرکراون لەناو زینداندا ئەو ڕۆژنامەنوسە ئاماژەى بەوەکرد: هەموو زیندانییەکان دۆخیان لەناو زیندانەکەدا زۆر خراپبوو، چونکە هیچ بنەمایەکى مافى مرۆڤیان تێدانەبوو، لەناو یەک هۆڵدا ١٣٠ بۆ ١٤٠ کەس کۆکرابوونەوە.
وتیشی: بەهۆى قەرەباڵغیى ناو هۆڵەکانى زیندان، زۆرینەى دەستگیرکراوەکان تووشى نەخۆشییەکى تایبەتى پێست بووبوون، کە تا ڕادەیەک چارەسەى زەحمەت بوو، هۆکارەکەشى بۆ عارەقکردنەوەى زۆرى زیندانیەکان و بەرزى پلەکانى گەرما دەگەڕێتەوە.
سەبارەت بەوەى لەپاش ئازادبوونیان هیچ فشارێکیان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە لەسەر ماوە، ئەو رۆژنامەنووسە ڕایگەیاند: تا ئێستا لەلایەن و دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکانەوە فشارمان لەسەرە و بە مەرج ئازاد کراوین، لە دادگاى هەولێر ماوەى پێنج ساڵ و لە دادگاى دهۆک ماوەى سێ ساڵ بۆ چاودێریىکردنی ئێمە دیارییکراوە، کە ئەگەر جارێکى دیکە دەستگیر بکرێینەوە، ئەوا بە چەند ساڵێک زیندانییکردن سزا دەدرێین.
ئومێد بەرۆشکى دەشڵێت: بەشێوەیەکى گشتىی دۆخى زیندانیکراوانى سیاسى لە هەرێمى کوردستان و بەتایبەتیش دەستگرکراوانى دۆسیەى بادینان، کە لە ئێستادا دوو بەشن و بەشێکیان بڕى زیندانیکردن بەسەریاندا سەپێنراوە و بەشێکى دیکەشیان تا ئێستا دادگاىی نەکراون، لەڕووى تەندروستى و گوزەرانەوە لە ئاستێکى خراپدان.
لە کۆتایى قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە پەیامێکى ئاڕاستەى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان کرد و وتى: هیوادارین هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە پشتیوانیکردنى ئەو دەستگیرکراوانەى دیکەى بادینان، کە تا ئێستا لەناو زیندانەکانن بەردەوام بن و درێژە بە داواکردنى مافی ئەوان و خۆشیان بدەن.
ئ.م