لەماوەی ڕابردوودا هێزەکانی عێراق دوو هاوڵاتی شەنگال-یان دەسگیرکردبوو، هەروەها دەستیان گرتبوو بەسەر تەرمی شەڕڤانێکی شەهید-دا، دوای خۆپیشاندانی خەڵکی شەنگال یەکێک لە دەستگیرکراوەکانیان ئازادکرد، ئەمڕۆش دەستگیرکراوەکەی دیکەیان ئازادکرد، بڕیار وایە دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنە یاساییەکان، تەرمی شەڕڤانە شەهیدەکەش ڕادەستی خەڵکی شەنگال بکەنەوە.
ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک،مەزرای خەلەف-یان، لە گوندی بارێی شارۆچکەی خانەسۆر بۆردوومانکرد، لەئەنجامدا دوو هاوڵاتی و شەرڤانێکی یەبەشە برینداربوون، بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی موسڵ، شەڕڤانەکە لە نەخۆشخانە شەهید بوو، هێزەکانی عێراق هەردوو هاوڵاتییەکە و تەرمی شەهیدەکەی یەبەشە-یان ڕاگرت.
ڕۆژی ١٦ی مانگ هاوڵاتیانی شەنگال خۆپیشاندانێکی فراوانیان ئەنجامدا بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و وەرگرتنەوەی تەرمی شەڕڤانەکەی یەبەشە، ڕۆژێک دوای خۆپیشاندانە، هێزەکانی عێراق یەکێک لە دەستگیرکراوەکانیان ئازادکرد، ئەمڕۆش کەسی دووەمیان ئازادکردووە، بەڵێنی ئەوەشیان داوە دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنە یاساییەکان، تەرمی شەڕڤانەکەی یەبەشە ڕادەستی خەڵکی شەنگال بکەنەوە.
د.ع