دەستێوەردانی تورکیا لە کاروباری کەرکوک هاوڵاتیانی نیگەران کردووە

چاودێران و ڕۆژنامه‌نووسانی شاری که‌رکوک، هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ ده‌ستێوه‌ردانی تورکیا له‌ کاروباری ناوخۆی شاره‌که‌، شاره‌زایه‌ک له‌ سیاسه‌تی تورکیا-ش ده‌ڵێت، تورکیا ده‌یەوێت پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لان له‌ شاره‌که‌ لەناوبه‌رێت.


ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ ئاشکرا ده‌ست له‌ کاروباری ناوخۆی که‌رکوک وه‌رده‌دات و به‌ ڕوونی ڕۆڵ له‌ به‌هێزکردنی لایه‌نێکی تورکمان له‌ که‌رکوک ده‌بینێت، سه‌ردانه‌که‌ی فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بۆ که‌رکوک و بڕیاری نۆژەنکردنه‌وه‌ی قه‌یسهر‌ی که‌رکوک-ش به‌ ده‌ستێوه‌ردانێکی گه‌وه‌ره‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت.

عومه‌ر حاجی عه‌لی، شاره‌زا له‌ بواری سیاسه‌تی تورکیا، بۆ ڕۆژنیوز ده‌ڵێت: تورکیا ده‌یه‌وێت وه‌کو ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی هه‌ڵسوکه‌وت بکات، ده‌ستێوه‌ردانی تورکیا له‌ عێراق و سوریا و به‌دیاریکراوی لە که‌رکوک، پێشلکاری ڕوونی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه‌، مه‌ترسیداره‌ که‌ تورکیا به‌و شێوه‌ زه‌قه‌ ده‌ست له‌ که‌رکوک وه‌ربدات.

ده‌شڵێت: نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی بازاڕێکی ئاسه‌واری له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌ حیساب نه‌کردنه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، کاره‌سات لێردا ئه‌وه‌یه‌ تورکیا خۆی به‌ خاوه‌نی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌کان ده‌زانێت، ڕۆژێک تورکیا هێزی سه‌ربازی بۆ که‌رکوک دورست ده‌کات، ڕۆژێکی تر له‌ ژێر ناوی قه‌یسه‌ری که‌رکوک ده‌وێت لایه‌نی عاتفی هاوڵاتیان بۆ خۆی ڕاکێشێت، تورکیا بێگومان ئامانجی سه‌ره‌کی نه‌وتی که‌رکوکه‌، هه‌روه‌ها به‌هێزکردنی به‌رەی تورکمانیه‌وه‌، تورکیا ده‌وێت پێکه‌وه‌ژیانی نێوان نه‌ته‌وه‌کان له‌ که‌رکوک له‌ بار به‌رێت.

حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵا، چاودێری سیاسی بۆچوونی وایە: ساڵ به‌ دوای ساڵ ده‌بینین تورکیا زیاتر ده‌ستێوه‌ردان له‌ کاروباری ناوخۆی که‌رکوک ده‌کات، دیاره‌ پێشتر ده‌ستێوه‌ردانی له‌ کاروباری ئابوری هه‌بووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌کان و لایه‌نی بارزگانی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین ده‌ستێوه‌ردانی به ‌شێوه‌یکی زۆر ڕوون زیادی کردووه‌ هه‌م له‌ ڕووی سیاسیه‌وه‌ هه‌میش له‌ ڕووی ئه‌منیه‌وه‌، ته‌نانه‌ت گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی جه‌ندرمه‌ی تورکیا بێته‌ که‌رکوک بچێته‌ ناو بینای پارێزگاوه‌.

دەشڵێت‌: دیاره‌ هاوپه‌یمانه‌کانی تورکیا زۆر ده‌مێکه‌ ده‌ویانه‌وێت بۆشایه‌ک له‌ که‌رکوک هه‌بێت تا ئه‌وه‌ی تورکیا بێته‌ که‌رکوک و به‌ ڕاسته‌وخۆ ڕۆڵی هه‌بێت له‌ شاره‌که‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌قامگیری و ئارامیه‌ی که‌رکوک تێکبدات، نۆژه‌نکردووه‌ی قه‌یسه‌ری که‌رکوک هاوڵاتیان و پێکهاته‌کانی شاری که‌رکوکی نیگه‌ران کردووه‌، بۆشایه‌ک له‌ که‌رکوک هه‌یه‌ وایکردووه‌ تورکیا ده‌ست له‌ که‌رکوک وه‌ربدات.

هەروەها ڕۆژنامه‌نوس ئه‌حمه‌د ڕه‌فیق، دەڵێت: تورکیا له‌ ڕێگای لایه‌نێکه‌وه‌ که‌ ئه‌ویش به‌ره‌ی تورکمانیه‌،‌ ده‌وێت ده‌ست وه‌ربداته‌ کاروباری ناوخۆی شاره‌که‌، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی ده‌ست بەسه‌ر سامانه‌ سروشتیه‌که‌ی که‌رکوکدا بگرێت.

باس لەوەش دەکات: تورکیا له‌ دوای ساڵی ٢٠٠٣ه‌وه‌ له‌ ڕێگای کاری سوخڕیه‌وه‌ به‌ ئاشکرا کاری له‌ که‌رکوک کردووه‌، ده‌توانین بڵێن ئامانجه‌کانی تورکیا زیاتر ئامانجی بازرگانی و ئابووریه‌وه‌ و‌ به‌هێزکردنی تورکمانە له‌ شاره‌که‌. 

ک.ک