دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال چەند بڕیارێکی دەرکرد

دەستەی بەڕێوبەریی شەنگال بە بۆنەی ١٤ و ١٥ی ئابەوە کە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە گوندەکانی کۆچۆ، سیبا شێخ خدر و تەل ئەزێرە، بەرنامەی چالاکییەکانی ڕاگەیاند و چەند بڕیارێکی دەرکرد.


ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبەریی شەنگال، کە بەرزترین دەستەی بەڕێوەبەریی شەنگالە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی ئەنجومەن و ڕێکخراوەکان بەشدارییان کرد، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی شوێنە پیرۆزەکان و هەروەها دامەزراندنی کۆمیتەی خزمەتگوزاری دەرکرا.

دەستەکە هەروەها بڕیاریدا، کە بە بۆنەی یادی کۆمەڵکوژی ١٥ی ئاب لە گوندی کۆچۆ و کۆمەڵکوژیی ١٤ی ئاب لە گوندەکانی تەل ئەزێر و سیبا شێخ خدر مەراسیم بەڕێوەببات.

بۆ ئەوەش ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکرات سەردانی گوندی کۆچۆ دەکات و لەوێ ڕاگەیەندراو دەخوێنێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەش کرا، کە هەوڵەکان بۆ فشار خستنەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆ سەر خاکی خۆیان زیاد بکەن و گوندەکانیش لە مین پاک بکەنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن تێیاندا بژین.

لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا کۆمیتەیەک بۆ پێڕاگەیشتن بە دروستکردنەوە و نۆژەنکردنی ئەو شوێنە پیرۆزانەی ئێزدییەکان دامەزرا ،کە چەتەکانی داعش تەقاندوویاننەتەوە.

ک.ک