دەستەی دەستپاكی ناوی کاندیدەکانی پەسندكرد

دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، لیستی ناوی كاندیدی قەوارەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەندکردووە و ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستانی کردووەتەوە.


ئەمڕۆ، دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، لیستی ناوی كاندیدی قەوارەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەندکرد.

شێروان زرار، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند، کە دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان وردبینی بۆ ناوی تەواوی كاندیدەکان كردووە و وتی: تەواوی ناوەكان بێ كێشە دەرچوون و هیچ گەندەڵییەک یان دۆسیەیەكیان لە دادگا لەسەر نەبووە.

بەمپێیەش ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی کاندیدەکان پەسەند دەکات و ئاراستەی قەوارەکانی دەکاتەوە.

ڕۆژی ٣١ی تەمموزی ڕابردوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ناوەکانیان، لیستی ناوی کاندیدی قەوارەکانی ڕەوانەی دەستەی دەسپاکی کرد.

هەرچەندە دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هەتا ئێستا وابڕیارە کە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.

ب.ل