دەستەی سەرۆکایەتیی جڤاتی گشتیی گۆڕان هەڵبژێردرا

جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد و هیچ ژنێک لەناو دەستەکەدا نییە.


ئەمڕۆ جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان جەمال حاجی محەمەد بە سەرۆک و عەلی عەبدوڵا، جێگری سەرۆک و پێشڕەو ڕەئوف- بە سکرتێری جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژارد، کە بە هەرسێکیان دەستەی سەرۆکایەتیی جڤاتی گشتیی پێکدێنن.

سەرۆکی جڤاتی گشتیی ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن، خانەکە لە حەوت کەس پێکدێت و ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە هەڵبژاردن بۆ ڕێکخەری گشتیی و پێنج ئەندامەکەی دیکەی خانەی ڕاپەڕاندن دەکرێت.

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی، دامەزراوەی راوێژکاریی بوارەکانی کاری سیاسی، رێکخراوەیی، کارگێڕی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.

جڤاتی گشتی پێکدێت لەو کەسایەتییە گشتییانەی لە ماوەیەکی تەمەنیاندا لە یەکێک لە بوارەکانی ژیاندا بەرپرسیارێتی دیاریان هەبووە، لەوانەی کەسایەتی سیاسی، کەسایەتی زانستی، کەسایەتی کۆمەڵایەتی.

لە ٢٢ی تەمموزی ٢٠١٧ دەستەی سەرۆکایەتیی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا و د.ڕەئوف عوسمان بە سەرۆک، ساڵح ژاژڵەیی بە جێگری سەرۆک و دڵخواز قادر وەک وەک سکرتێری جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران، بەڵام ئەم دەستە نوێیە هیچ ژنێکی تێدا نییە.

هەروەها، لە ٢٥ی تەمموزی 2017، لە هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لەگردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەڕێوەچوو، ئەوەی بووە جیگای ڕەخنەی جدیی، هیچ ژنێک و هیچ گەنجێک نەکران بە ئەندامی خانە.

ش.ف