سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی هەدەپە داوایان لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد، ڕێگەیان پێ بدات دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامبدەن.
ئەمڕۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە زیندانی ئەدیرنە زیندانیی کراوە، داواکارییەکی ئاڕاستەی وەزارەتی دادی تورکیا کرد بۆ ئەوەی لەڕێگەی سیستمی دەنگ و ڕەنگەوە دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامبدات.
دەمیرتاش لە داواکارییەکەیدا ڕایگەیاندووە:”ماوەی زیاتر لە ٢٠ مانگە بەڕێز ئۆجالان بە شێوەیەکی نایاسایی لە مافی دیدار لەگەڵ پارێزەرەکانی و بنەماڵەکەی بێبەش کراوە، لە ڕابردوودا کە دەیتوانی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە دروست بکات، ئەوکاتە ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی گەشەی کردبوو و کۆمەڵگا پشوویەکی هەبوو”.
لەبارەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیشەوە، دەمیرتاش وتی:”سیاسەتی شەڕ و پێکدادانی حکومەت کە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەڕێوەی دەبات، ڕێگای خۆشکردووە بۆ زیان و ئازاری زۆر، گەورەترین چاوەڕوانی خەڵک ئەوەیە کە ئەو سیاسەتانە دەستبەجێ ڕابگیرێت و هەژاری و بێکاری کۆتایی پێبهێنرێت و دۆخێکی ئارام و سەقامگیر دروست ببێت. بەو هەموو سیاسەتە هەڵە و ئەو گۆشەگیرییەی کە لە ئیمرالی بەسەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە، ئەم گرژییەی ئێستا قووڵتر دەبێتەوە”.
دەمیرتاش ڕاشیگەیاند:”بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە کۆتایی بەو سیاسەتانە بهێندرێت، کە لە زیندانی ئیمرالی دژی بەڕێز ئۆجالان بەڕێوەدەبرێن، من وەک پارێزەر و سیاسەتمەدارێک کە لە زیندانی جۆری F لە ئەدیرنە ڕاگیراوم، داوا دەکەم لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لەڕێگەی سیستمی دەنگ و ڕەنگەوە دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجامبدەم، هەروەها دەمەوێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی کۆببێتەوە. هیوادارم داواکارییەکەم وەربگیرێت”.
هەر ئەمڕۆش هەریەک لە ساڵحای ئایدەنیز، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و گوڵستان کلچ کۆچییگیت، نوران ئیمیر و ئەرداڵ ئایدەمیر، پەرلەمانتارانی هەدەپە، بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان، سەردانی چوونە وەزارەتی دادی تورکیایان کرد و داواکارییەکیان بۆ ئەنجامدانی دیدار پێشکەشکرد.
لە داواکارییەکەدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی داد کراوە، داوا کراوە سەردانی ڕێبەر ئۆجالان بکرێت، کە ماوەی ٢٠ مانگە هیچ زانیارییەکی لەبارەوە نییە.
هەر ئەمڕۆش پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی پارتەکەیدا ڕایگەیاند، “تائێستا داواکارییمان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان لە وەزارەتی دادی تورکیایە و وەڵامنەدراوە”، هۆشداریشیدا کە “کەس حەددی نییە داواکاریمان بۆ دیداری بەڕێز ئۆجالان پشتگوێ بخات”. داواشی لە سی پی تی کرد، بەزووترین کات زانیارییەکانی بەردەستی لەبارەی دۆخی ڕێبەر ئۆجالانەوە بڵاوبکاتەوە.
ب.ل