بەهۆی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، لە نەخۆشخانەی جۆلەمێرگ ٤٠ و لە نەخۆشخانەی سەحرای گوندی بلیجانی سەر سنوریش تەرمی ١٠٠ سەرباز هەیە، بەڵام لەلایەن ئاکەپە و مەهەپەوە تەرمەکان دەشاردرێنەوە و ناگوازرێنەوە بۆناوچەکانى خۆیان تا ڕادەستى کەسوکاریان بکرێنەوە.
بەپێى زانیارییەکان، لە نەخۆشخانەى دەوڵەت لە جولەمێرگ تەرمى ٤٠ سەرباز و لە نەخۆشخانەى سەحرایی لە گوندى بلیجانى، کە دەکەوێتە نێوان چەلی و جۆلەمێرگ زیاتر لە ١٠٠ تەرم هەن و ئەو تەرمانەش چەندین مانگە لەوێ هەڵگیراون.
هەر بەپێى زانیارییەکان، تەرمى بەشیک لەو سەربازە کوژراوانە بەهۆی ئەوەی ماوەیەکى زۆرە ماونەتەوە رزیون، بۆنێکی ناخۆش و قورس لەنێو نەخۆشخانەکە بڵاوبووەتەوە و بەجۆرێک هاوڵاتیان، کە سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، هەستیان بەو بۆنە ناخۆشە کردووە.
تەرمی ئەو سەربازانەی، کە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لە شەڕدا دەکوژرێن، بە هێلیکۆپتەر بۆ بنکەى فەرماندەیی کۆماندۆی چیایی جۆلەمێرگ ، فەرماندەیی فاتیح و لیوای سەر سنور دەگوازرێنەوە و دواتر بە ئامبولانس دەبرێنە پزیشکی دادی نەخۆشخانەی دەوڵەت.
هەروەها، ئاژانسى فوڕات نیوز، لە زارى جاشێک، کە خۆى لە شەڕدا بەشداریکردووە بڵاویکردووەتەوە، بە چاوى خۆم بینیومە لە شەوێکدا لانیکەم ٦٠ سەرباز کوژراون، بەڵام دواتر تورکیا تەنها ناوى یەک ئەفسەرى کوژراوى بڵاوکردووەتەوە.
ئ.م