سێشەممە, 28 أغس 2018 – 11:46 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک ڕێگای پولور بۆ دەرسیمی داخست، پارێزگاری تورکی دەرسیم ڕایگەیاندوە، کە ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکەدا بەردەوامی هەیە و تا ئەو کاتەی کۆتایی پێنەیەت ڕێگا ناکرێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ وابڕیاربوو ئەندامانی هەدەپە بچنە دەرسیم و لەدژی ئاگردانی دارستانەکان لەلایەن سوپای تورکەوە ناڕەزایی دەرببڕن.
هونەرمەند فەرهاد تونچ، لە ئەکاونتی تویتەرەکەیدا نووسیویتەی: وابڕیاربوو کە هەڤاڵانی هەدەپە و پەرلەمانتاران ئەمڕۆ بێنە دەرسیم بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە لامان بۆ شوێنی ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکان، بەڵام هەر ئەمڕۆ ڕێگا پولور بۆ دەرسیمیان داخست، ئاشکرایە ئەو داخستنە بۆ ڕێگریکردنی لە گەیشتنی هەڤاڵانی هەدەپە بۆ شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، جوڵانەوەی فڕۆکە جەنگییەکان لەسەر ئاسمانی دەرسیم بەردەوامیی هەیە و ئەمڕۆش چەند ناوچەیەکی سنوورەکەیان بۆردوومان کردووە.
س.ح