دەوڵەتی تورک سری سورەیا ئۆندەری زیندانییکرد

دوای سەپاندنی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانییکردن، دەوڵەتی تورک سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمرالی دەستگیرکرد.


سری سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری پێشووی ئەنقەرەی هەدەپە و ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئیمرالی، دوای ئەوەی لەلایەن دادگای تورکەوە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەمڕۆ ڕەوانەی زیندانی کاندرە کرا.

 دادگای تورک ئەو سزایەی بەهۆی وتەکانی ئۆندەر لە نەورۆزی  ٢٠١٣ دا بەسەردا سەپاندووە.

ئۆندەر پێش ئەوەی ببرێتە زیندان رایگەیاند "ئەم دۆخە بۆ رەنجدەرانی ئاشتی و دیموکراسی دۆخێکی سەرسوڕهێنەر نییە، ئەو عەقڵییەتە شەڕخوازانەیە بەو رادەیەش قوڵ و ریشەدار نییە کە بیری لێدەکرێتەوە،

هەر چەندە دۆخی ئێستا خراپ دیار بێت، بەڵام رۆژانی خۆش و گەش بۆ ئەم وڵاتە نزیکن، رێچکەکەی ئێمە لەسەر نەریتی خوڵقاندن بە دەرفەت و ئیمکانیەتی کەمەوە ڕازێنراوەتەوە".

وتیشی:"هەموو ئەو قەسانەی کردوومن و دەرمبڕیون، هەموو هەوڵەکانم، کەرامەت و شکۆی ئێمەیە، باجەکەشی چی دەبێت دەیدەین، بە هەستی سەرکەوتن و پشتیوانییەوە سڵاوی خۆم بۆ هەموو هەڤاڵان و هۆگران دەنێرم".

ش.ف