لە کاتێکدا پلانیان وابوو ساڵی ٢٠٢٢، هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا داگیربکەن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە بەرامبەر بەرخۆدانی قارەمانانەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان تێکشکان و لە بەشێکی ناوچەی زاپ، گردی جودی، سێدارێ و گردی ئامێدی کشانەوە، بە بێ هیچ ئەنجام و دەستکەوتێک.
لە مانگی نیسانی ساڵی پار، سوپای داگیرکەری تورک بە پێشکەتوترین تەکنەلۆژیا شەڕ و گازی کیمیایی و بۆمبی قەدەغەکراو، هەروەها بە بەشداریپێکردنی دەیان کۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی و ڕەوانەکردنی دەیان هەزار سەرباز، هێرشێکی فراوانی دەستپێکرد بۆ سەر هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا.
پاش دوو مانگ هێرشەکانیان لەسەر ناوچەی زاپ چڕکردەوە، هەوڵیاندا لە چەلێی سەربە جولەمێرگەوە بەرەو سەنگەرەکانی گەریلا لە ناوچەی زاپ دزە بکەن، لەوێشەوە بێنە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە.
مەرامی پشت هێرشەکە
فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل –نەپەگە ئاشکرایکرد، پلانەکەیان ئەوە بوو، لەساڵی ٢٠٢٢دا، لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەتەواوی داگیر بکەن و دواتر لەماوەی چەند مانگێکدا گارە، قەندیل و شەنگال داگیر بکەن، بەڵام ئەو پیلانەی سوپای داگیرکەری تورک، لە زاپدا کەوتە گۆڕەوە، ناویان لێنابوو “پەنجە – قوفڵ”، کەچی خۆیان لە زاپدا قوفڵ بوون.
بەرپرسانی ئاکەپە و مەهەپەش، لە وتار و لێدوانە میدیاییەکانیاندا، ئەم نییەتەیان نەشاردەوە، بەردەوام جەختیان لە لۆزان و میساقی-میلی دەکردەوە و باشووری کوردستانیان بە بەشێک لە وڵاتەکەیان لەقەڵەم دەدا، پێیان وابوو تا پێش ساڵی ٢٠٢٣ کۆتایی بە دۆزی کورد دەهێنن.
خەونە بەدی نەهاتووەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک
سوپای داگیرکەریی تورک، ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی ئەفسانەیی گەریلاکانی ئازادیی هات، لێرەوە خەونەکەی لەگۆڕنرا و بۆ ئەمەش هەوڵیدا بە هێرشکردنی زیاتر و فراوانکردنی مەیدانی جەنگەکە شکستەکانی پەردەپۆش بکات، بەڵام ئامارەکان ڕاستی ئەو شکستە گەورەیان خستە سەر بەڕە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنى هەپەگە ئاشکرای کرد، لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوو، لەئەنجامی بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی، دوو هەزار و ٧٤٤ داگیرکەر سزا دراون و ١١ هەلیکۆپتەر لەلایەن گەریلاکانەوە خراەونەتە خوارەوەو ١٨ هەلیکۆپتەریش زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش لە کۆی دوو هەزارو ٨٥٢ چالاکی، کە لەدژی سوپای داگیرکەری تورک ئەنجام داراوە.
سەرەڕای ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەڵام لە بەرامبەر بەرخۆدانی قارەمانانەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان خۆیان بۆ نەگیرا و تێکشکان، لە بەشێکی ناوچەی زاپ کشانەوە، بە بێ هیچ ئەنجام و دەستکەوتێک، هەروەها لە گردی جودی، سێدارێ و گردی ئامێدی کشانەوە.
ئاراستەی هێرشەکانیان بە ناچاری گۆڕی و هەموو ڕۆژێک بە تانک و تۆپ و هاوەن هێرش دەکەنە سەر ناوچەی قەڵای چەمچۆ، هەروەها ڕۆژانە چەکی کیمیایی و بۆمبی قەدەغەکراو لە ناوچەی شەهید بۆتان بەکاردەهێنێت، ئامانجی هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک ئەوەیە، کە جارێکی تر پاش زاپ تووشی شەرمەزاری و شکستێکی دیکە نەبێت، بۆیە هێرشەکانی زیاتر کردووە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی لە مەیدانەکانی شەڕدا، لەناو شارەکانی باکووری کوردستان دەستی بە ڕەشبگیری سیاسی کردووە و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هێرشەکانی بۆسەر خەڵکی مەدەنی چڕکردووەتەوە و هەشەڕەی داگیرکاریی نوێ دەکات، ئەمە جگە لە تیرۆری سیاسی شۆڕشگێڕ و پێسەنگانی کورد لە ناو شارەکاندا.
ب. گ