دەوڵەتی تورک لە کەرکوک ڕاهێنان بە گروپی چەکدار دەکات

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە دەوڵەتی تورک هێزێکی ٥٠٠ چەکداریی بۆ تورکمانەکانی کەرکوک دورستکردووە و سەرجەم چەکدارەکانیش لەلایەن ئەو دەوڵەتەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.


شوان داودی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز، زانیاری دەربارەی دورستکردنی هێزێکی چەکدار لە کەرکوک لەلایەن تورکیاوە، ئاشکرا کرد.

شوان داودی، ڕایگەیاند: بەرەی تورکمانیی هێزێکی سەربازیی لە کەرکوک بۆ دروست کراوە، کە ژمارەیان ٥٠٠ چەکدار دەبێت، ئەو هێزە ڕاستەخۆ لە لایەن تورکیاوە سەرپەرشتیی دەکرێت و ڕاهێنانیان لە تورکیا کردووە، هەروەها مووچە و یارمەتی مادیی و مەعنەویان لە لایەن تورکیاوە دابین دەکرێت.

داودی، وتیشی:"ئەو گروپە میلیشایە ماوەی ساڵ و نیوێکە کار لەسەر دروستکردنی دەکرێت، ئێمە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، دوای ئەوەی ئێمە ئەو پرسەمان وروژاند، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا حکومەتی عێراق لە ڕێگای وتەبێژەکەیەوە ڕایگەیاند، کە ئاگاداری وەها بابەتێک نین".

ئەو پەرلەمانتارە، وتیشی:"لێرەوە ئێمە داوای بەدواداچوونی ورد لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی بەڵگە لەسەر ئەو هێزە کۆبکەنەوە و ڕێگریی لە دروستکردنی هێزێکی وەها بکەن".

بە وتەی شوان داودی،"ئەو هێزە بۆ کەرکوک دروستکراوە، ئەندامانی ئەو هێزە تورکمانی کەرکوکن و سەر بە بەرەی تورکمانیین".

داودی هۆشداری لە دراستبوونی ئەو هێزەشدا و وتی:"ئەو هێزە مەترسیی هەیە بۆ سەر کەرکوک، چونکە هەر هێزێک لە دەرەوەی دەستور و یاسا دروست بێت مەترسی لەسەر شارەکە دەبێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەش کرد، هەوڵێک هەیە ئەو هێزە بکرێتە بەشێک لە حەشدی شەعبی و وەک هێزیکی فەرمیی بناسرێت.

جێگای سەرنجە، کە لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و وەدەرنانی کورد لە ناوجە دابرێندراوەکان، لەو ناوچانە گروپی چەتە زیادبوون و شه‌وی 8ی نیسانی ٢٠١٨ له‌ گوندی حومه‌ره‌ی سه‌ر به‌شاردێی ڕه‌شادی لە شارۆچکه‌ی حه‌ویجه‌-ی سنووری پارێزگای که‌رکوک، لە شەڕێکی حەشدی شەعبی و گروپێک چەتەی داعش-دا پێنج چەتە کوژران، کە یەکێک لە چەتەکان ئاڵای تورکیا لەسەر تیشێرتەکەیەتی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە، کە ئەو چەتانە سەر بە دەوڵەتی تورک-ن.

 

ش.ف/س