بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیر كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و پارێزگاری هەڵەبجە و ژمارەیەک لە جووتیارانی نموونەیی، لە هەڵەبجە ساڵیادی هەفتە بازاڕی كێڵگەی كوردستان بەڕێوەچوو و هاوكاتیش ماڵی پاشاش كرایەوە.
ئەمڕۆ، لە کێڵگەی کوردستان مەراسیمی یەکەمین ساڵیادی کرانەوەی هەفتە بازاڕی کشتوکاڵیی لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، کە ڕۆژانی پێنج شەممە و ھەینی بەرھەمەکانی دەستی جووتیارانی تێدا ساغدەکرێتەوە.
لە هەفتەبازاڕەکەدا بەروبوومی کشتوکاڵیی وەک خەیار، تەماتە، شوتی، بامیە، باینجان، بیبەر، ترێ، لۆبیا و چەندین جۆری دیکە خرابوونە ڕوو، کە بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕ بە هاوڵاتیان دەفرۆشرانەوە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی ھەرێم لەوتارێکدا ڕایگەیاند: جووتیارانی کوردستان دەستی زێڕینن لە بەرهەمهێنانی بەرووبوومە خۆماڵییەکان، هەروەها وەزارەتەکەی کۆمەڵێک ھەنگاوی ناوە بۆ گەڕاندنەوەی بنەچەی کشتوکاڵکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی و ناساندنی بە وڵاتانی دەرەوە.

وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوەشکرد، پێویستە بنەمایەکی یاسایی بۆ بەرھەمی کشتوکاڵی دابنێین، خۆشبەختانەش توانیومانە ئاستی کشتوکاڵی لە ١٪-ەوە بۆ ٪١٠ بەرزبکەینەوە، ئەوەش گۆڕانێکی گرنگە بۆ بەرھەمی کشتوکاڵیی.
هەروەها، حەمید ئیسماعیل خاوەنی کێڵگەیی کوردستان لەمیانی کردنەوەی ھەفتە بازاڕەکەدا وتی:”خۆشحاڵم کە توانیمان ئەم بیرۆکەیە بکەین بە ڕاستی و هەفتە بازاڕێک بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان بکەینەوە، ھیواخوازین وەزارەتی کشتوکاڵ هاوکارمان بێت تاکو پەرەی پێبدەین و لە کوردستان و عێراقیش بازاڕێکی لەم شێوەیە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران دروستبکەین.

ش،ئ