سێشەممە, 19 يون 2018 – 12:24 ڕۆژنیوز – قەندیل
بەیانیی ئەمڕۆ دەیان هاوڵاتی لە شارەدێی تەقتەق-ی سەر بە شارۆچکەی کۆیەی پارێزگای هەولێر و شارۆچکەی چەمچاڵ-ی سەر بە شاری سلیمانی بەرەو قەندیل بەڕێکەوتن و نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتنە لای چالاکوانانی قەڵغانی زیندوو و لەلایەن چالاکوانانەوە بە گەرمیی پێشوازییان لێکرا.
ئەو هاوڵاتیانە، کە لە چین و توێژە جیاوازەکان پێکهاتوون، بە ئامانجی پشتگیرییکردن لە چالاکیی قەڵغانی زیندوو، کە لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە لەلایەن کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەرەوە لە قەندیل دەستیپێکردووە، چوونە قەندیل.
چالاکیی قەڵغانی زیندوو، بۆ پاراستنی قەندیل لە هێرش و داگریکاریی دەوڵەتی تورک راگەیەندراوە و شاندەکەش دەستخۆشییان لەو گەنجانە کرد و بەڵێن پێدان، کە هەرچییەک بکەوێتە ئەستۆی ئەوان ئامادەن لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان ئەنجامی بدەن، چالاکوانانی قەڵغانی زیندووش سوپاسی پشتیوانیی شاندەکەیان کرد و ڕایانگەیاند، کە ئەوان بە سەردان و پشتیوانیی ئەو شاندانە هێزی زیاتر وەردەگرن بۆ بەرگریی لە خاکی پیرۆزی کوردستان.
جێگای ئاماژە، لە ڕۆژی دەستپێکردنی چالاکیی قەڵغانی زیندووەوە، کە دوای هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ داگیرکردنی قەندیل دەستیپێکردووە، دەیان شاندی جیاواز پەیتا پەیتا چوونەتە قەندیل و پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو گەنجانە نیشانداوە و دەوڵەتی تورکیشیان شەرمەزارکردووە.
ش.ف