د.میدیا: با بودجەی شەڕ بۆ تەندروستی کۆمەڵگا بەکاربێت

دکتۆر میدیا، کە لە کامپی پەنابەرانی مەخمور کاری پزیشکی دەکات، داوادەکات، بودجەی شەڕ بۆ خزمەتی تەندروستی کۆمەڵگا بەکاربێت و دەڵێت: بەملیۆنان کەس لەبەر شەڕی دەسەڵاتداران ئاوارەبوون ئێستا لە مەترسیدان، هەتا ئێستاش ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و هیچ لایەنێکی دیکەش ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی پەنابەران بەجێنەهێناوە.


دکتۆر میدیا کە بە ڕەگەز ئەڵمانییە و لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، کاردەکات، لەبارەی هەنگاوەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قسەی کرد و ڕەخنەی توندی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گرت لەسەر ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر پەنابەران بەجێنەهێناوە، هەروەها دەڵێت: دەوڵەتان ئەوەندەی بەشەڕەوە سەرقاڵن بە تەندروستییەوە سەرقاڵ نین.

 دکتۆر میدیا، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەرچەندە لەمێژووشدا چەندین جار نەخۆشی بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی کوشتنی خەڵکی زۆر، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا نەخۆشییەکی نوێیە و دۆزینەوەی چارەسەرەکەی پێویستی بەکات هەیە.

لەبارەی ئەوەی بۆچی جیهان ڕووبەڕووی پێویستییە سەرەکییەکانی خۆپارێزی وەک ماسک و دەستکێش دەبێتەوە، دکتۆرە میدیا وتی: کەرتی تەندروستی بەگوێرەی بارودۆخە لەناکاوەکان خۆی ئامادە ناکات، بۆیە حاڵەتە لەناکاوەکاندا ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت، بۆیە پێویستە کەرتی تەندروستی لەسەر بنەمای حاڵەتە لەناکاوەکان خۆی دابمەزرێنێت نەک بەگوێرەی دۆخە ئاساییەکان.

 

"ئەوەندەی بودجە بۆ شەڕ تەرخان دەکرێت بۆ تەندروستی تەرخان ناکرێت"

دکتۆر میدیا، ئاماژە بەوەدەکات دەوڵەتان هێندەی بودجە بۆ شەڕ تەرخان دەکەن بۆ تەندروستی تەرخان ناکەن ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە وەک پێویست چارەسەر بۆ نەخۆشییەکان نادۆزرێتەوە و وتی: ئەگەر من بوومایە ئەو بودجەیەی بۆ شەڕ تەرخان دەکرێت، بۆ باشکردنی تەندروستی کۆمەڵگا تەرخانم دەکرد، ئێستاش ئەگەر وابکرێ دەتوانرێت زووتر چارەسەر بۆ نەخۆشییەکان بدۆزرێتەوە، چونکە لاوازی و بەهێزی کەرتی تەندروستی گرێدراوە بە تەرخانکردنی بودجەوە.

"نەک تەنها داوای نەکرد، بەڵکو بەرپرسیارێتی خۆشی پێکنەهێنا"

لە بەردەوامی قسەکانیدا، دکتۆر میدیا ڕەخنەی توندی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و وتی: ڕاستە نەتەوە ئەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی جیهانی کردووە، بەڵام هەوڵەکانی تەنها لە سنووری داواکاریدا مایەوە، ئێستا لەزۆرێک لەو وڵاتانەی شەڕی تێدایە سیستمی تەندروستی بەتەواوەتی تێکچووە، بۆیە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری زیاتر بکات و هاوکاریی بنێرێت بۆ ئەو شوێنانەی کە شەڕی تێدایە و سیستمی تەندروستیان خراپە، پێویستە بەدەم هاوار و داواکاریی کامپەکانیان پەنابەرانەوە بچن و هاوکاریی پێوێستیان بۆ بنێرن.

 

" ئێمە داوای هاوکاریمان کرد و نەتەوەیەکگرتووەکان و خێرخوازان بەدەنگمانەوە نەهاتن"

دکتۆر میدیا، ئاماژەی بەوەکرد، کە بۆ کامپی مەخمور داوای هاواکارییان لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هاوکارییەکیان بۆ نەنێراوە و وتی: چاوەڕوانبووین نەتەوەیەکگرتووەکان هاوکاریی ئێمە بکات، بەڵام هیچی نەکرد، هەروەها داوای هاوکاریمان لەو ڕیکخراوانەکرد کە هاوکاریی مرۆیی دەکەن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هاوکارییەکیان نەناردووە، بۆیە یان دەبێت ناوێکی وەها گەورە لەخۆیان نەنێن و نەڵێن ئەوان هاوکاریی مرۆیی پێشکەش دەکەن، یان کاتێک ناوێکی وەها لەخۆیان دەنێن پێویستە بە ئەرکی خۆیان هەستن، هەندێک ڕێکخراوی کوردی خێرخوزیی هاوکاریان بۆ ئێمە کۆکردووەتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێگاکان داخراون هاوکارییەکان نەگەشتوون بە ئێمە.

 

"دەوڵەت و دەسەڵاتداران بەرپرسن بەرامبەر ئەم نەخۆشیە"

دکتۆر میدیا، لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕەخنەی لە سیاسەتی تەندروستی دەوڵەتان گرت و وتی: دەوڵەت و دەسەڵاتداران تاوانبارن بەرامبەر بە دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە، بودجەیەکی باش بۆ تەندروستی دابین ناکەن، هاوکاری و دەرمان بە پەنابەرانێک کە لە ئەنجامی شەڕەکانی ئەوان ئاوارە بوون نادەن، ئەو پەنابەرانەی ئێستا لە سنووری یونان، نە یونان، نە تورکیا و نە ئەوروپا خاوەندارییان لێناکەن و ئێتسا بێپەنا ماون.

 

نمونەی کوبا

بۆ پێشخستنی سیستمی تەندروستیش د. میدیا وڵاتی کوبا وەک نمونەیەکی باش دەهێنێتەوە و دەڵێت: کوبا بە ساڵەنە لەژێر گەمارۆدایە و لەناو قەیرانی ئابوریدایە، بەڵام لە بواری تەندروستییەوە یەکێک لە وڵاتە هەرەباشەکانە، بۆ؟ چونکە گرنگی بە کۆمەڵگا دەدات، هەمیشە هەوڵدەدات پێش لە نەخۆشییەکان بگرێت، بۆیەش خەباتێکی تایبەت بەڕێوەدەبات، زانستی پزیشکی لەکۆمەڵگادا پێشدەخات و کۆمەڵگا ئاگادار دەکاتەوە، پزیشکی باش پەرەوەردە دەکات، ئێستا ١٥٠ پزیشکی کوبایی بۆ هاوکاریی مرۆیی چوونەتە بەرازیل.

 

پزیشکانی مەخمور چۆن پێش لە کۆرۆنا دەگرن؟

لەسەر کار و خەباتی خۆیان دژی کۆرۆنا لە کامپی مەخمور د. میدیا وتی: ئێستا لە کامپێکی پەنابەران داین و دەزانن دەرفەتە تەندروستییەکانی تێدا نییە، بۆیە کاری سەرەکیمان پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەری ڤایرۆسەکەیە، ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بێتە ناو کامپەکە، هێچ دەرفەتێکمان بۆ دەستێوەردان نییە، لەسەر نەخۆشییەکە هۆشیاریمان داوە و سیمینارمانداوە، بڵاوکراوەمان بڵاوکردووەتەوە، بە تایبەت لەسەر شێوازی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە و بەهێزکردنی جەستە، شوێنە گشتیی و قەرەباڵغەکانمان داخست و هەموو چالاکییە جەماوەرییەکانمان ڕاگرت.

 

تا ئێستا سەرکەوتوو بووین

د. میدیا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەو کاتەوەی نەخۆشییەکە هاتووە تا ئێستا، وەک ڕێکخراوی تەندروستی بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کار و خەباتمان بەڕێوەبردووە، لەگەڵ ئەنجومەنی گەل و هاوکاریی خەڵک هەوڵدەدەین کامپەکە لە نەخۆشی بپارێزین، دەتوانم بڵێم تا ئێستا سەرکەوتوو بووین، ئەگەر هەموو کەسێک بە ویژدان و بە ئەخلاق بجوڵێتەوە و خۆی بەرامبەر کەسانیتر بەرپرسیار بزانێت و فیداکاری بکات، دەتوانین ئەم سەردەمە سەرکەوتووانە تێپەڕێنن.

ک.س