بەشێک لە هاوڵاتیانى کوردستان کاریگەری پەکەکە لەسەر دۆزی گەلی کورد و بەتایبەت پاراستنی باشوری کوردستان، بەرز دەنرخێنن و دەڵێن، دامەزراندنی پەکەکە وەچەرخانێکی مەزن بوو لەتەواوی جیهان و پێویستە گەلی باشوور پشتگیری لێ بکەن.
پاش دامەزراندنی پەکەکە و بەشداریان لە گۆرانکارییەکانی باشوری کوردستاندا لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە لەدوای ساڵی ١٩٩٢ەوە، وەکو هێزێکی کاریگەر، توێژکانی گەرمیان لەسەر ئەم پرسە قسە بۆ ڕۆژنیوز دەکەن.
لەوبارەوە هاوڕێ جەبار، ئاماژەبەوەدەکات، دامەزراندنی تەڤگەری پەکەکە وەچەرخانێکی مەزن بوو لەتەواوی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و جیهان بەگشتی، چونکە بیرمەندی گەلان فەلسەفە و تێزێکی دامەزراند، بووبە ڕێگە چارەیەک بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، سوودی لەتەواوی فەلسەفەکانی پێشتر بینیووە و لەئەنجامدا کۆتێزێکی دامەزراندووە، لەو سوودوەرگرتنە پارادیگمایەکی نوێی ئافراندووە، بۆیە جگە لەنەتەوەی کورد کەسانی بیانیش لەسەرانسەری جیهانەوە بەشداری ئەم تەڤگەرەبوون و شەهیدبوون.

وتیشی: ئەم تەڤگەرە لەسەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو ئێستا کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر شانۆی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی هەبووە، بەتایبەت لەباشووری کوردستاندا لەدوای ڕاپەرینەوە بەشدارییەکی باشی گەلی باشور هەبووە لەناو ئەم تەڤگەرەدا، چەندین پێشەنگ و ڕێبەر لەباشور دەرکەوتوون.
هاوڕێ جەبار ئاماژەی بەوەشدا، پەکەکە لەم ساڵانەی دوایدا لە باشوردا جێ پەنجەی دیارە بەتایبەت لەشەڕی دژ بە داعش، کە تاکە هێزی سیاسیی بووە پارێزگاری تەواوی لەددەستکەوتەکانی باشوور کرد و دەیان قوربانی لەپێناویدا بەخشی.
هەروەها، ناوبراو باسی لەوە دەکات، لەچیاکانەوە شەڕێکی دژوار بەڕێوەدەچێت، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چەندین چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بەکارئەهێنێت، لەئەنجامیشدا گەریلاکان بەرگرییەکی بێوێنە دەکەن، بێگومان ئەم شەڕەی لەچیاکاندا هەیە، شەڕی هەبوون و مانەوەی گەلی کوردە، گەر چیاکان لەدەست بچێت بێگومان پێش هەمووشت باشووری کوردستان لەدەست دەچێت، کە بەخوێنی شەهیدان و ئەنفال هاتۆتە بەرهەم.
ئارام مەلانوری، هاوڵاتییەکی گەرمیانە و بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: گەر لەتەواوی مێژووەوە کار لەسەر پرسی کورد کرابێت و ناسێنرابێت بێگومان پەکەکە نیوە زیاتری بەردەکەوێت، چونکە لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە تەنها کار لەسەر باشووری کوردستان کراوە، نەک هەرچوار پارچە، بەڵام پەکەکە کاریگەری زۆر گەورەی هەبووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە ئاماژە بەوە بکات کورد تەنها لەباشوور نییە، بەڵکو لەهەر چوارپارچە هەیە.

دەشڵێت: لەشەڕی تیرۆریستانی داعشدا بەهۆی نەبوونی هێزێکی یەکنەگرتوو و دەروون ڕووخاوی باشوورمان هەبوو، لەدەروونی هەموومان چەسپابوو گەر ئەو هێزە بشکێت ئەوە پەکەکە هەیە، ئەوەشی بینیمان ئەو هێز و مۆراڵ و تاکتیک و زانستەسەربازییەی پەکەکە هەیبوو زۆر لەپێش هێزی پێشمەرگەوەبوو.
ئەو هاوڵاتییە ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی بەناو دۆزی کوردەوە دەکرێت لەباشووردا لەسەر مێز و بەردەم میدیاکانیاندا بۆ پارێزگاری لەکورد پێچەوانەکەی ڕاستە، دەوڵەتی داگیرکەرى تورک ئێستا سنووری خاکەکەمان دەبەزێنێت و بۆردومان دەکات و وڵاتپارێزان لەناو شارەکاندا تیرۆردەکات، پەکەکەش لەچیاکاندا ڕێگرە و قوربانیدەدات، تەنها ئەویش کار لەسەر دۆزی کورد دەکات.
هـ. ح