هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شەنگال دەڵێت، دەوڵەتی تورک بە ڕوانگەیەکی عوسمانییەوە سەیری کۆمەڵگای ئێزدی دەکات و هاوشێوەی باکوری کوردستان بە دوای لەناوبردنی ئیزدییەکانەوەیە.
ڕیحام حەجۆ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنیوز جەختی کردەوە، کۆمەڵگای ئێزدی بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ پوچەڵکردنەوەی هەموو پیلانەکان.
ڕیحام حەجۆ لەبارەی سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ عێراق هەرێم و مەبەستی ئاکار لەو سەردانە وتی، هەمیشە وڵاتانی هەرێمی هەوڵی سەپاندنی ئەجێندای خۆیان دەدەن لە ناوچەکە بەتایبەت عێراق کە لە ئەنجامی لاوازبوونییەتی.
دووپاتیکردەوە کە ئەوان دەزانن ئەو ڕێککەوتنەی لە دژی ئیرادەی خەڵکی شەنگال کراوە، بە فشاری دەرەکی بووە کە دەوڵەتی تورکیا ڕێبەرایەتی دەکات، وتیشی گفتوگۆکانی ئەم دواییانەی تورکیا و پەدەکەش جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دووەم لە دژی ئێزدییەکان، شتێکی تر نییە، وەک چۆن لە تورکیا بە سەدان گوندی ئێزدی سوتێنران و دانیشتوانەکەی بە زۆر ئاوارە کراوە.
ڕیحام وتیشی، ماوەی چەند مانگە خەڵکی شەنکال و دۆستانیان لە دەرەوەی وڵات، ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا و دەوڵەتی تورک لەسەر شەنگال ڕەتدەکەنەوە، چونکە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان واژۆ کراوە، دووپاتیشیدەکاتەوە گەلی شەنگال بەردەوام دەبێت لە تێکۆشانیان تا ئەوکاتەی مافە ڕەواکانیان لە ناوخۆی عێراقدا بناسرێتەوە.
هەروەها پێیوایە تورکیا لە ڕێگای عێراقەوە ئامانجی ئەوەیە، کە ئەوەی بەرامبەر بە ئێزدییەکانی باکوری کوردستان کردی جێبەجێی بکات، دەشڵێت: “بەڵام با هەموو کەس بزانێت گەلی ئێزدی بێ هەڵوێست نابێت و لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا شەڕ دەکات”.
سەرۆکی هاوبەشی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە شەنگال وتیشی، تورکیا ئێستا ڕوانگەی عوسمانی بۆ کۆمەڵگای ئێزدی نیشان دەدات و هەوڵی ناسەقامگیرکردنی و ئاسایشی شەنگال دەدات، “ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و پوچەڵکردنەوەی هەموو پیلانگێڕییەکان، کە ئەوەش دەبێتە سەرکەوتن بۆ کۆمەڵگای ئێزدی”.
ی. ک