هۆگر عەدنان
درەنگانی شەوی ڕابڕدوو گەنجێکى تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی هێمن عادل کوژرا، باوکى کوژراوەکەش دەڵێت، دوای کوشتنی کوڕەکەم لەلایەن هاوڕێکەیەوە تەرمەکەی لە ڕێگەی ناوشوان و لە نزیک پێشانگایی فرۆشتنى ئۆتۆمبێلەکان لە چەمچەماڵ فڕێدەدرێت .
عادل قەیتولی باوکى کوژراوەکە، سەبارەت بە ڕووداوەکە بەمشێوەیەیە بۆ ئاژانسى ڕۆژنیوز دوا.
عادل قەیتولی لە سەرەتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو سەرەتا وامانزانی کوڕەکەمان ونبووە و بۆ ماوەیەک بەدوایدا گەڕاین، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک هەواڵی مەرگیمان پێگەیشت، ئێمە هیچ جۆرە کێشەیەکمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نیە.
عادل قەیتولى لە درێژەى قسەکانیدا وتى، کوڕەکەم لەلایەن هاوڕێکەیەوە فریودراوە و بە سواری ماتۆرسکیل بردویەتی بۆ ڕێگەی ناوشوان لای پێشانگایی کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێلەکان و دواتر کوشتویەتی.
لەوبارەوە، ڕەمەک ڕەمەزان قائیمقامى شارۆچکەى چەمچەماڵ باسیلەوەکرد، شەوی ڕابردوو هەواڵی کوژرانی گەنجێکمان پێگەیشت لە ڕێگەی ناوشوان لای پیشانگاکان، دوای ڕاسپاردنى هێزە ئەمنیەکان دەرکەوت کەسی بکوژ لە یەکێک لە گوندەکانى سنورى شارەدێى سەنگاو خۆی حەشارداوە دواتر خۆی ڕادەستی هێزەکانى ئاسایشی سەنگاو کردووە.
قائیمقامى چەمچەماڵ ئاماژەى بەوەشکرد، بکوژەکە تەمەنی ١٩ ساڵە و ناوی ( ب،ج،ع) لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر کەسی ڕاگیراوە و کوژراوەکەش شوێنەوارى دوو فیشەک بە دەستی و سەرییەوە دیارە.
جێگەى ئاماژەیە، گەنجە کوژراوەکە لەدایکبوی ساڵی ٢٠٠٣ یە و ناوى هێمن عادلە و پیشەى کاسبە و دانیشتوی گەڕەکى قادرکەرەمیەکانە لە شارەدێى شۆڕشى سەر بە شارۆچکەى چەمچەماڵ.
ئ.م