هەینی, 7 سبت 2018 – 13:08 ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ، پاش ئەوەی زانیار مورادی بە براکەی ڕاگەیاند، وابڕیارە بەرەبەیانی شەممە لە سێدارە بدرێن، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڤیدیۆیەکی زانیار و لوقمان مورادی بڵاوکردەوە، کە پێش گواستنەوەیان بۆ بەندی تاکەکەسی زیندانی ڕەجاییشەهر تۆمارکراوە.
لەو ڤیدیۆیەدا زانیار مورادی، بە زمانی فارسی پەیامی هاوبەشی خۆی و لوقمان مورادی دەخوێنێتەوە و دەڵێت: کاتێک ئەو ڤیدیۆیە دەبینن، ئێمەیان گواستووەتەوە بۆ بەندی تاکەکەسی و ئەگەر هەیە تا چەند کاتژمێری دیکە لە سێدارەمان بدەن.
لە پەیامەکەدا باس لەوە دەکەن، لە کاتی دەستگیرکردنماندا تەمەنمان ١٩ و ٢٥ ساڵ بووە و لە ساڵی ٢٠١٠-وە چاوەڕێین سزای سێدارە کە نادادوەرانە بەسەرماندا سەپێندراوە، جێبەجێ بکرێت، هەموو ڕۆژێ بیر لەوە دەکەینەوە، کە ڕەنگە ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی ژیانمان بێت.
هەروەها باس لەوە دەکەن، کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا تەنیا داواکارییان بەڕێووەچوونی دادگایەکی ساڵح بووە، ئەویش نەک دادگایەکی کراوە، بەڵکو تەنیا دادپەروەر بێت، تەنیا داوامان ئەوە بووە کە لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە بۆ دۆسییەکەمان بکرێت کە تەنیا سیاسیی بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەیان جار ئەو داواکارییەیان دووپات کردووەتەوە.
لە بەردەوامیدا ڕادەگەیەنن: تا ئێستا ئەو داواکارییە جێبەجێ نەکراوە، تەنیا هۆکاریشی ئەوەیە کە بە ئاسانی دەتوانن قوربانی لە خەڵکی کوردستان بگرن، کە بە هاوڵاتی پلەچەند لە قەڵەم دەدرێن، ئێستاش نۆرەی ئێمە، واتە زانیار و لوقمان مورادی هاتووە.
باسیان لەوەش کردووە، کە مەلا مستەفا شیرازادی، ئیمام جومعەی شاری مەریوان زیاتر لە هەموو کەسێک کەیسەکەی ئەوانی بەرەو تاوانێکی سیاسیی هانداوە، ئەوە لە کاتێکدایە، کە خۆی دەیان جار لە دانیشتنەکانی لەگەڵ خەڵکدا بە ئاشکرا دانی بەوەدا ناوە، کە دەزانێت کوڕەکەی لەلایەن کێ و بە چ مەبەستێک کوژراوە، کەوایە چۆن دەتوانێت لەئاستی لەسێدارەدانی بەناهەقی ئەواندا بێدەنگ بێت؟
لەکۆتاییشدا سوپاسی خانەوادەکانیان کردووە، کە لەو چەند ساڵەد ا هەمیشە لە دڵیان دا بوون و بانگەوازیشیان کردووە، کە هەرگیز لە تێکۆشان نەوەستن، هەروەها بانگەوازیی هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤیان کردووە، کە بە جووڵانەوەی خێرا ڕێگریی بکەن لە جێبەجێکرجنی ئەو سزایە، چونکە سبەینێ درەنگ دەبێت.
https://youtu.be/fzKMdRItGRI?=
ش.ف