زاگرۆس مانی: پژاک پێشەنگی هێڵی بەرخۆدان دژی جیهانی سەرمایەدارییە

بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی پژاک بە ئاماژەدان بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەو گرژیانە بە شەڕێکی میدیایی بەناو دەبات و لەسەر پژاکیش دەڵێت: پژاک پێشەنگی هێڵی بەرخۆدان دژی جیهانی سەرمایەدارییە.


زاگرۆس مانی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاریەن تی ڤی، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەم کاتەدا بە شەڕێکی میدیایی ناودەبات، باس لەوە دەکات، ئێران نایەوێت خۆی بەدیموکراتی بکات و ناشیەوێت گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوەی خۆیدا بکات.

مانی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ناوبژیوانییەکان لە نێوانیان وتی: دەوڵەتانێک وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، هیندستان و هتد...، لە ناوبژیوانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناڵ و لە بزماریش دەدەن، ئەمەش بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە نییە و بۆ زەمینەسازیی دانوستانێکی دوولایەنەیە، دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە واتای سەرکوتکردنی زیاتر لە ناوخۆ و فرۆشتنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە.

لە بەردەوامی قسەکانیدا مانی دەڵێت: پژاک بە پارادایمی ڕێبەر ئۆجالان پێشەنگی هێڵی بەرخۆدان لە دژی جیهانی سەرمایەدارییە و شانازیش بەوەوە دەکات، سیستمی سەرمایەداریش بە کەڵک وەرگرتن لە میدیا بێکەڵک و بێناسنامەکان شەڕی تایبەت لە بەرامبەر بزوتنەوەی ئاپۆیی بەڕێوەدەبات، بەو واتایە کە هەر بزوتنەوەیەکی سۆسیالیستی بۆ ئەمریکا و نۆکەرانی و داگیرکەرانێک وەک تورکیا و ئێران زەنگی مەترسییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: هێڵی سێیەم، هێڵی گەلە و هێز و ئازادییەکە کە بەرژەوەندیی گەل لەبەر چاو دەگرێت، فەلسەفە و ستراتیژیی هێڵی سێیەم جیاوازیی نێوان پەیوەندیی و شوێنکەوتەییە، هێڵی سێیەم شوێنکەوتووی هێچ هێز و دەوڵەتێک نییە وسیاسەتەکانی خۆی بەڕێوە دەبات، کاتێک پەیوەندییەک دروست دەکات کە ئامانجە هاوبەشەکان و بەرژەوەندیی گەل تێدا بێت، بنەماشی گەل، یەکسانی و ئازادی کۆمەڵگایە.

مانی لە بەردەوامی بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی سوپای پاسداران لە خیانەتی حیزبە کوردییەکان وتوویەتی: هەندێک لە هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ دژایەتی بزوتنەوەی ئاپۆیی ڕاسپێردراون، پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقی-ش ڕۆڵێکی سەرەکی لەم کایەیەدا هەیە، سوپای پاسداران بە سیاسەتەکانی دەیەوێت لایەنەکان پەرتەوازە بکات و مەودایان بخاتە نێوان، بەڵام پەکەکە و پژاک دژی 'هاوبەشی نگریسی میت، سوپا و پارتی' وەستاونەتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا زاگرۆس مانی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، ئاماژەی بە پرۆژەکەی پارتەکەی کردووە و وتوویەتی: پرۆژەی پژاک دەتوانێت داگیرکەرانی کوردستان بسڕێتەوە، بە یەکێتی لەو پرۆژەیەی پژاک دەکرێت هەنگاوی کردەیی هەڵبگیرێت، ناکۆکی ئایدۆلۆژی لەناو لایەنەکان بووەتە هۆی نەبوونی یەکێتیی، پێویستە بزانرێت لە کوردستان دوو هێزی سەرەکی شەڕ دەکەن، هێزێک کە بە بیرۆکەی ڕۆژئاوایی و بەناوی پەیوەندیی دپلۆماتی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان پەیوەندی ساز دەکات، ئەم هێزە کوردی ئازادی ناوێت چونکە خۆی شوێنکەوتووە، هێزی دیکەش هێزێکە کە خوازیاری ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی ڕاستەقینەیە، کێشەی بنەڕەتی ناکۆکی ئایدۆلۆژی لەسەر بنیاتنانەوەی ئۆتۆپیای گەلە.

س.ح