زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، پەکەکە خستنە لیستی تیرۆرۆرەوە، ئامانجی ئایدۆلۆژیی، سیاسیی و ئابووریی هەبوو، دەشڵێت: دەرخستنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، دەرگا بۆ چارەسەری دیموکراتییانەی کێشەی کورد و ژیانێکی ئازاد و دیموکراتی گەلی کورد دەکاتەوە، لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوە.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لە ڕێپۆرتاژێکی ڕۆژنیوزدا ئەو ئامانجانە ڕوون دەکاتەوە، کە دەوڵەتانی سەرمایەدار پەکەکەیان پێخستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
زاگرۆس هیوا، ڕایدەگەیەنێت، ئامانجەکەی ئایدۆلۆژییە، سیاسییە، ئابوورییە و ڕوونیدەکاتەوە”ئایدۆلۆژییە، چونکە پەکەکە پارێزەری ئازادیی ژنە، گرنگیی دەدات بە ژینگە، بۆیە ئەو دەوڵەتانەی ژن دەکەن کۆیلە و ژینگە خاپوور دەکەن، بەلایانەوە پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆرستییە”.
وتەبێژی کەجەکە، دەڵێت: ئەو سیستمە سیاسییەی لەدوای شەڕی جیهانیی یەکەم بە پەیمانی لۆزان دامەزرا، نکۆڵیی لە کورد کردووە، کاتێک ڕێکخراوێک هات وتی کورد هەیە و ئەو سیاسەتەم قبوڵ نییە، دەیخەنە لیستی تیرۆرەوە.
جەختیش دەکاتەوە، نزیکایەتیی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە دژی گەلی کورد، بەر لە هەموو شت ئایدۆلۆژییە، چونکە”نکۆڵیی لە شوناسی نەتەوەکەت دەکات، نکۆڵیی لە بوونت، دەکات، ئازادیی ژن نکۆڵیی دەکات ژینگە خاپوور دەکات”.
دەربارەی ئامانجە سیاسییەکان، زاگرۆس هیوا دەڵێت:”تورکیا پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی پێشەنگی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی هەیە، ئەندامی ناتۆیە، بەگوێرەی ماددەی پێنجی ناتۆ، هەر ڕێکخراوێک دژی تورکیا بێت، دەبێتە مەترسیی لەسەر ناتۆ، دەبێتە ڕێکخراوێکی تیرۆرستیی”.
زاگرۆس هیوا ڕوونیدەکاتەوە، ئەوان بەرژەوەندیی مادیی و ئابووریی خۆیان دەوێت، دیموکراسیی و مافی مرۆڤ و ئازادیییان بۆ گرنگ نییە، تەنیا پارە و سەرچاوەی داهاتیان بۆ گرنگە، دەیانەوێت سەرخان و ژێرخانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو لای ئەوان بڕوات، ئەگەر پەکەکە لە لیستی تیرۆردا بێت، هۆکارێک دەبێت بۆ زیادبوونی شەڕ و ناکۆکیی و ئەوکاتەش چەکی زیاتر دەفرۆشن.
وتەبێژی کەجەکە، جەخت دەکاتەوە، ئەوانەی پەکەکەیان خستە لیستی تیرۆر، دەزانن پەکەکە تیرۆرست نییە، بۆیە بەهانە و درۆی بۆ ڕێکدەخەن، بۆ ئەوەش نمونەی سەرەکیی بەبیردێنێتەوە، کە پەکەکەی پێ خرایە لیستی تیرۆرەوە، ئەویش کوشتنی ‘ئۆڵف پاڵمە’ی سەرکۆ وەزیرانی سوید بوو، “لەناو ناتۆدا ڕێکخراوی گلادیۆ، گلادیۆ پاڵمەی کوشت و وتیان پەکەکەیە، دوای ٢٠ ساڵ ئاشکرابوو، کە درۆیە، بۆئەوەی تێکۆشانی ئازادیی گەلان سەرکوت بکەن، دەبێت شتێک بکەن بۆ ڕەوایەتیدان بە بڕیارەکانیان دروست بکەن”.
هەروەها، وتی:”پەکەکە ڕێکخراوێکی ئازادییخوازییە، ناونیشانی ئازادییخوازییە بۆ گەلان، بۆ ژنان، بۆ گەنج و هەموو مرۆڤایەتیی، لە ویژدانی هیچ گەلێکدا تیرۆرست نییە، ئەمریکا دەڵێت پەکەکە تیرۆرستە، بەڵام گەلی ئەمریکا پەکەکەیان خۆش دەوێت، پەکەکە هەتا ئێستا مەترسیی نە بۆ سەربازێک نە بۆ هاوڵاتییەکی ئەمریکیی دروست نەکردووە، بۆ تیرۆرستە؟”.
بۆ ئەوەش زاگرۆس هیوا نمونەیەکی دیکە باس دەکات و دەڵێت:”تاڵیبان سەرەڕای کوشتنی ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمریکا، کەچی ئەمریکا لەگەڵیان دانیشت و هەموو ئەفغانستانی ڕادەستی تاڵیبان کرد، چونکە بەرژوەندیی ئەمریکا وای دەویست، بۆیە دەوڵەت ویژدان و ئەخلاقی بۆ گرنگ نییە و بەرژوەندیی سیاسیی و ئابووریی بۆ گرنگە”.
دەپرسێت، گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆستیی جیهان داعش نەبوو؟ ئەی کام ڕێکخستن زۆر ترین قوربانی دا دژی داعش، پەکەکە نەبوو؟، دەشڵێت:”زیاتر لە شەش هەزار گەریلا لە باشوور و ڕۆژئاوا گیانی خۆیان فیدا کرد لە دژی داعش، هیچ هێزێک هێندەی پەکەکە لەدژی داعش شەڕی نەکردووە و گیانفیدایی نەکردووە، پەکەکە تیرۆرستە!، بەڵام تورکیا، کە ڕێگای داوە ٤٠ هەزار داعشیی لەناو خاکی ئەوەوە بێنە سوریا و عێراق، هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەوانە!، ئەمە نیشانی دەدات، چەندە سیاسەتی دووڕوویی هەیە، ئەوەی دەیڵێن لەگەڵ کردەوەکانیان جیاوازیی هەیە”.
باسی لەوەش کرد، پەکەکە بەشێوەی بنەڕەتیی لە کێشەی کورد دەڕوانێت، ڕەهەندە مێژوویی و سیاسیی و ئەخلاقییەکەی بەیەکەوە دەگرێتە دەست، هەبوونی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی سیاسیی یاسایی، دەبێتە هۆی پوچەڵکردنەوەی پەیمانی لۆزان، دەزانن پەکەکە پارێزەری هەبوون و ئازادیی گەلی کوردە، بۆ ئەوەی کورد هەبوون و ئازادیی خۆی بەدەستنەهێنێت، پەکەکە لە لیستی تیرۆردا دەهێڵنەوە”.
سەبارەت بە گرنگیی دەرخستنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، زاگرۆس هیوا دەڵێت:”دەرخستنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، دەرگا بۆ چارەسەری دیموکراتییانەی کێشەی کورد دەکاتەوە، دەرگا بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتی گەلی کورد دەکاتەوە، لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوە.
“بە دەرسخستنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، لە باکووری کوردستان کۆمەڵکوژیی و توانەوە، لە باشووری کوردستان گەندەڵیی و کۆچبەریی، لە ڕۆژئاوا داگیرکاریی تورکیا و پیلانی هاوبەشی تورکیا و ئێران لەسەر تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆتایی پێدێت”، زاگرۆس هیوا وای وت.
لە کۆتاییشدا وتەبێژی کەجەکە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تێکۆشان بۆ دەرخستنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و تیکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، هاوشان بەڕێوەدەچن و وتی:”چەندە ئەو خەباتە پەرە بستێنێت، هێندەش ئەگەری دەرکەوتنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە ڕێکخراوی تیرۆرستیی هەیە، پەکەکە بە پاڕانەوە لەو لیستە دەرناکەوێت، بەڵکو بە خەبات و تێکۆشان دەردەکەوێت”.
ش.ف