چوؤرشەممە, 12 سبت 2018 – 11:55 رۆژنیوز – كەركوك
لەدواى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧ ڕێگاى سەرەکى نێوان هەولێر- کەرکوک داخرا، ماوەى نزیکەى مانگێکە ڕێگاکە کراوەتەوە، بەڵام شەش خاڵى پشکنینى تێدا دانراوە، کە پێنج خاڵیان لەلایەن حکومەتى عێراق، دانراوە و خاڵێکیشیان لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دانراوە، خاڵە پشکینەکانى حکومەتى عێراق، لەلایەن لەلایەن سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆی كەركوك-ەوە بەڕێوە دەبرێت، خاڵە پشکنینەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان-یش لەلایەن ئاسایشى شارى هەولێرەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەحمەد حەسەن، کە شوفێرێکى هێڵی گواستنەوەی كەركوك- هەولێرە، لەو بارەیەو بۆ ڕرۆژنیوزی دواو وتی:”لە كەركوكەوە تا دەگەینە هەولێر شەش خاڵی پشكنین هەیە، ناكرێت لە نێوان دوو شاردا ئەو هەموو بازگەیە هەبێت، ئاساییە دەبێت دوو بازگە هەبێت، بازگەیەك بۆ چوونە ژوورەوەی ناو شاری هەولێر، بازگەیەكش بۆ چوونە ژوورەوەی ناو كەركوك، بەڵام ئەو هەموو بازگەیە بیزاری كردووین، جا هەر بازگەیەكیش بهشێوهیی خۆی مامهڵه دهکات.
ناوبراو باسى لە دروستبوونى قەرباڵغى کرد لە بازگەکاندا و، وتى:”له بازگەكان ڕێگاکە دەكرێت بە یەك ساید، واتا ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بچووك بەیەكەوە دەچنە خاڵی پشكنین، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە خاڵەکانى پشکنیندا زۆر بمێنینهوه، كێشەیەكی تری گهورهش ئهوهیه دەبێت شوفێر ساڵانەى ئۆتۆمبێلەکەى بهناوی خۆییهوه بێت، ئهگهر بهناوی خۆیەوه نهبێت کێشهی بۆ دروست دهکەن”.
هەروەها عیسام ئەبوبەكر هاوڵاتییەکی شاری كەركوك-ە، هەفتەی چەند جارێك بە هۆى کارەکەیەوە دەچێته شارى هەولێر، لەبارەى گرفتى لە هاتووچۆکردندا بە ڕۆژنیوزى وت:”پاش تەقاندنەوەى پردەکەو داخستى ڕێگاى هەولێر- کەرکوک، لە ڕێگای كۆیە و تەق تەق-ەوە هاتوچۆمان دەكرد، لەو ڕێگایە یەك بازگەیەی پشكنین هەبوو، بەڵام ڕێگاکە دوو کاتژمێر و نیو بوو، ئێستا کە ڕێگا سەرەکییەکە کراوەتەوە بەهۆى زۆرى خاڵەکانى پشکنینەوە ڕێگاکە کە پێشتر یەک کاتژمێر بوو بووەتە دوو کاتژمێر”.
ئەو هاوڵاتییە نیگەرانە لە زۆرى خاڵەکانى پشکنین و دەڵێت، کە ئەو بازگانە قەرەباڵغى دروستدەکەن، لەبەر زۆرى بازگەکان خۆزگە بە ڕێگاى کۆیە- هەولێر دەخوازێت کە بە ماوەى دوو کاتژمێر و نیو دەگەشتە هەولێر تەنها لەبەر ئەوەى یەک خاڵى پشکنینى تێدا بووە.
https://youtu.be/nOCHbi__zZk?=
س.ح