دلۆڤان سادق سندی، ساڵێک و دوو مانگە، بەبێ بڕیاری دادگا و بە فەرمانی مەسرور بارزانی زیندانیی کراوە.
دلۆڤان کوڕی کەسایەتیی دیاری زاخۆ و دەڤەری بادینان (شەهید سادق عومەر سندی)یە، لە ڕۆژی ٧ی نیسانی ٢٠٢١ بەبێ بڕیاری دادگا و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستگیر کراوە.
دلۆڤان دانیشتووی شارەدێی دەرکاری سەر بە شارۆچکەی زاخۆیە و لەسەرەتادا لەلایەن ئاسایش و پاراستنی پەدەکەوە لە هەولێر داوا کراوە و لەوێ زیندانیی کراوە، لە ٢٩ی نیسانی ئەمساڵیش گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی دهۆک و لەوێ زیندانییە.
دلۆڤان بەهۆی ئەوەی گەنجێکی ڕەخنەگر بووە، لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ پەدەکە لە بادینان بۆ دەستگیرکردنی ئازادییخوازان دەتسیپیکرد، دەستگیرکراوە و تۆمەتی”هاوکارییکردنی پەکەکە”ی داوەتە پاڵ.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، ئاسایشی پەدەکە تۆمەتی زۆریان خستووەتە پاڵ دلۆڤان و فشاری لێدەکەن، تاکو بەزۆر دانیان پێدا بنێت.
هەرچەندە ڕایانگەیاندبوو، کە پاش شەش مانگ زیندانییکردن ئازاد دەکرێت، بەڵام هەتا ئێستا ئازاد نەکراوە و بڕیارە دادگایی بکەن، بەڵام کاتی دادگاییەکەشی دیار نییە.
باوکی دلۆڤان و باپیرەی، لە کەسایەتییە ناودارەکانی بادینان بوون و بە وڵاتپارێزیی و ڕەخنەگر لە دەسەڵاتی پەدەکە ناسراون، هەر بەو هۆکارەش، لە ساڵی ١٩٩٢، پەدەکە سادق عومەر سندی تیرۆر دەکات.
ش.ف