لافاوەکەی ئەمڕۆ زیانی زۆری لە کاسبکارانی هەولێر دا و زیانلێکەتوانیش ڕەخنە لە حکومەت دەگرن و دەڵێن؛ تا ئیستا تیمەفریاگوزارییەکان نەچوون بە هانایانەوە.
لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە بڕێکى زۆر باران لە سنوورى هەولێر باریوە و بەهۆیەوە لە هەریەکە لە گەڕەکەکانى تەیراوا، سەیداوە، شۆڕش، شاوێس، برایەتی، بەحرکە و سێبیران لافاو تێیاندا دروستبووە و ئاو چووەتە بەشێک لە ماڵ و دوکانەکان .
لەو بارەوە خاوەن دووکانێکى گەڕەکى تەیراوە بە ڕۆژنیوزى وت: بەهۆى لافاوەکەوە زیانى پێنج بۆ شەش ملیۆن دینارم بەرکەوتووە، هەموو ساڵێکیش لافاو دروست دەبێت و حکومەتیش هیچ پلانێکى نیە بۆ کەمکردنەوەى زیانەکان یان نەهێشتنىیان بە تایبەتى لە گەڕەکە هەژارنشینەکان.
یەکێکى دیکە لە دوکاندارەکانى گەڕەکى تەیراوە ڕایگەیاند: ئاو تاوەکو ناوەڕاستى ماڵەکانى گەڕەکەمان هاتووە، خۆشم جگە لە چەند پارچەیەک پۆشاک لە دووکانەکەمدا هیچ شتێکم بۆ دەرنەچووە و زیانێکى زۆرم کردووە.
ئەو دووکاندارە وتیشى: لە کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکى بەیانیەوە لێرەم کاتێکیش پەیوەندیم بە پارێزگارەوە کردووە تا بێن بەهانامانەوە لە وەڵامدا دەڵێن، تیمەکانمان دێن بۆ لاتان، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک نەهاتووەتە ئێرە.
دوکاندارێکى دیکەش ڕایگەیاند: من خاوەنى پێنج کەپربووم، کە کارم تێدا کردووە، بەڵام هەمویان ئاو چووەتە ناویان و بەهۆیەوە زیانێکى زۆرم کردووە و ئەو هاوڵاتیانەشى لەم گەڕەکەدا نیشتەجێن کەسانێکى هەژار و کەمدەرامەتن.
لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە ڕێژەیەکى زۆر باران لە سنورى پارێزگاى هەولێر باریوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەبارەى دروستبوونى لافاوەوە هۆشداریى دەدەنە هاوڵاتیان.
ئ.م