زیندانیانى سیاسى هەرێم ئاماژەبەوەدەکەن، لەپاش ئەوەى حکومەتى هەرێم ئابورى سەربەخۆى ڕاگەیاند، لەبرى هەموارکردنەوەى یاساى زیندانییە سیاسییەکان و هاوشێوەى عێراق، بەڵام کۆتاىی بە مافە دەستورییەکانمان هێنا، پەرلەمانتارێک -یش دەڵێت: مووچەى فەرمانبەران ناخرێتە سەر بەغدا، مەگەر هەرێم هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەو هەنگاوە ڕێگریى دەستووریى تێدایە.
زیندانییە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، لەمیانەى گردبونەوەیان لەبەردەم نووسینگەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێرق لە سلێمانى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا یاداشتێکى ٩ خاڵیان دایە ئەندامانى کورد لە چەند فراکسیۆنێکى جیاواز، تا کارى لەسەر بکەن و مافەکانیان بەدەستبهێننەوە.
لە یاداشتەکەدا داوادەکەن، دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە سەر دەزگاى زیندانیانى سیاسى عێراق و دەڵێن: بەدوورگرتنى دۆسیکەمان لە ململانێى سیاسیەکان و پێویستە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق حکومەتى فیدڕاڵ ناچار بکات بەپێدانى مافەکانمان لەکاتێکدا دەستوورى هەمیشەیی عێراق لە ماددەى ١٣٢ دا ئەو مافەى بۆ دیاریکردووین.
لەبەشێکى دیکەى یاداشتەکەدا هاتبوو: داواکارین گەڕانەوەى جیاوازى سەرجەم مینحەکان، کە هەرێم ماوەى ١٠ بڕى ٥٠٠ هەزار دینارى پێداین، لەکاتێکدا لە عێراق زیندانیان مانگانە بڕى یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینارییان وەردەگرت.
ئەو زیندانیانە سیاسییانە دەشڵێن: لەپاش ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئابورى سەربەخۆى ڕاگەیاند، بەڵام لەبرى هەموارکردنەوەى یاسای زیندانیکراوە سیاسیەکان لە ١٠ ساڵەوە بۆ ٢٥ ساڵ هاوشێوەى عێراق، کەچى ئابورى سەربەخۆ کۆتاى بە مافە دەستورییى و یاساییەکانى ئێمە هێنا.
زیندانیە سیاسیەکان ئاماژەیان بەوەشکرد: لە حاڵەتى چارەسەرنەکردنى گرفتەکانمان و نەگەڕانەوەى مافەکانمان، ئەوا داواى یاسایی لەسەر حکومەتى هەریمى کوردستان تۆمار دەکەین، چونکە لەکاتێکدا حکومەتى عێراق نوسینگەى زیندانیانى سیاسی لە هەولێر کردەوە و ئامادەبوو، مافەکانمان پێبدات، بەڵام بەرپرسانى هەرێم پێیان وتبوون: خۆمان مافەکانیان دابین دەکەین و دواجاریش ئەو نوسینگەیە داخرا و ئێمەش مافەکانمان وەرنەگرت.
لە کۆنگرەکەدا، موسەنا ئەمین، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتوو ڕایگەیاند: بابەتى زیندانییە سیاسییەکان یەکێکە لە دۆسیە هەرە ئاڵۆزەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام ئەوەى ڕێگربووە لەبەردەم پێدانى مافى ئەو کەسانەدا هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان بووە.
موسەنا ئەمین، لەبارەى ئەوەى، کە مووچەى ئەو کەسانەى بەشداربوون لە ئەنفال لە مووچەى کەسوکارى ئەنفالکراوان زیاترە ئاماژەى بەوەشکرد: بەراستى ئەوە شەرمەزارییە بۆ هەرێمى کوردستان، چونکە ناکرێت لە کەسوکارى قوربانیان مووچە زیاتر وەرگرن.
پرسى مووچە پرسێکى جیاوازە، ئێمە بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ چارەسەرى پرسى موچەین، بەشێوەى دەستورى، بەڵام مووچەى فەرمانبەران ناخرێتە سەر بەغدا، مەگەر هەرێمى کوردستان هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەو هەنگاوە ڕێگرى دەستورى تێدایە، بەڵام بڕى ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەى بەغدا بۆ هەرێمى دەنێرێت، بۆ پێدانى موچەى فەرمانبەران.
ئ.م