زیندانیانی سیاسیی چوونەوە بەردەم پەرلەمان

زیندانیانی سیاسیی جارێکی دیکە لەبەردەم پەرلەمان گردبوونەوە و داوا دەکەن مووچەکانیان هاوتای مووچەی زیندانیانی سیاسیی عێراق بکرێت.


ئەمڕۆ جارێکی دیکە ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسیی لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە.

لە گردبوونەوەکەدا، جەلال شەقڵاوەیی جێگری كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكانی كوردستان ئامانجی گردبوونەوەکەیانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو و وتی: دەمانەوێت مووچەی زیندانیانی سیسایی هاوتای مووچەی زیندانیانی سیاسیی عێراق بکرێت، هەروەها هاوشێوەی ئەوان بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ مووچەمان پێبدرێت.

وتیشی: زیندانیانی سیاسی هەموو ڕێیەك دەگرنەبەر بۆ وەرگرتنی مافەكانیان، بۆیە پێویستە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچن ئەگەر وانەبێت ڕەنگە زیندانیان هەڵوێستی دیكەیان هەبێت كە ئەوكاتەش ئێمە لێی بەرپرسیار نین.

بەپێی یاسای زیندانییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ماوەی ١٠ ساڵ مووچە بە زیندانیانی سیاسی هەرێمی كوردستان دراوە و کۆتایی ئەمساڵ وادە یاساییەكەی ئەو زیندانیانە تەواودەبێت، کە لە ٢٠١١وە مووچەکەیان بۆ بەستراوە، بۆ درێژكردنەوەی ئەو وادەیە زیندانیانی سیاسی چەند جارێكە دێنە بەردەم پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.

زیندانیانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان مانگانە ٥٠٠ هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام زیندانیانی سیاسیی لە عێراق مانگانە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دینار مووچە وەردەگرن.

بەپێی پرۆژەیاسای چاکسازییش، دەبێت پاکسازیی لە لیستی ناوی زیندانیانی سیاسییدا بکرێت و ئەو کەسانەی شایستە نین دەبێت مووچەکانیان ببڕدرێت.

ش.ف