زیندانییەکی مانگرتوو: هەڤاڵمان هەیە کوێر بووە، بەڵام بەرخۆدانمان بەردەوامە

موراد تورک، کە نووسەرە و ٥٣ ڕۆژە لە زیندانی ئزمیری تورکیا مانی لەخواردن گرتووە، دەڵێت: هەڤاڵانمان هەیە کوێر بووە، بەڵام ئەگەر چاوێکمانیش بمینێت، تا گۆشەگیری نەشکێت چالاکییەکەمان بەردەوام دەکەین.


چالاکیی مانگرتن لە خواردن بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن لەدژی گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامە و لە ئێستادا زیاتر لە حەوت هەزار زیندانی بەشداری مانگرتنەکان بوون.

موراد تورک کە خاوەنی نووسینی چەند کتێبێکە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە زیندانەوە لەگەڵ خانەوادەکەی قسەیکردووە و جەختی کردووەتەوە، "تا گۆشەگیری نەشکێت بەردوام دەبین لە بەرخۆدانەکانمان".

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا موراد وتوویەتی: هەندێک لە هەڤاڵانمان چاویان کوێر بووە، بەڵام ئەگەر چاوێکمانیش بمینێت، تا گۆشەگیری نەشکێت درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین.

موراد ڕوو لە ڕای گشتی وتوویەتی: چالاکیی مانگرتن دەمێکە دۆخی خراپبوونی تێپەڕاندووە، پێویستە کۆمەڵگا کار بکات بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی یاسا، دۆخی تەندروستیی سێ هەڤاڵمان زۆر خراپە، خولەک بە خولەک دەتوێنەوە و بەرەو شەهید بوون دەچن، ئامانجی هەڤاڵانمان ئەوەیە ئارامیی، ئاشتی و برایەتی بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگا، ئەمەش بە شکاندنی گۆشەگیری پێکدێت.

س.ح