زەحمەتکێشان و پەیەدە تاوتوێی گرنگیی یەکڕیزیی کوردیان کرد

شاندێکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی یەکێتی دیموکرات کۆبوونەوە و وێڕای باسکردن لە دۆخی ناوچەکە و ڕۆژئاوای کوردستان، جەختیان لە پێویستیی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد کردەوە.


ئەمڕۆ شاندێکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بێکەس قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە سەردانی نوێنەرایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات-پەیەدەیان کرد لە شاری سلێمانی.

شاندەکەی حزبی زەحمەتکێشان لەلایەن شاندێکی نوێنەرایەتیی پەیەدە و کۆنگرە ستارەوە بە سەرۆکایەتیی سلێمان عەرەب، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا.

دوای کۆبوونەوەکەش، بێکەس قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی زەحمەتکێشان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە بە ڕۆژنیوزی وت: سەردانەکەمان سەردانێکی ئاسایی و دۆستانە بوو، ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانمان کرد لەسەر پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ڕۆژئاوای کوردستان، جگەلەوەش پشتیوانیی خۆمان بۆ بەرخۆدانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشان دەستخۆشیی کرد لە دەستپێشخەرییەکەی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی قەسەدە بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد و وتی: ئێمە یەکخستنی ناوماڵی کورد بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک پێویستییەکی قۆناغەکە دەبینین، هیوادارین هەموو لایەنە سیاسییەکانیش بەدەم ئەو دەستپێشخەرییەوە بێن، هەموو بەیەکەوە شان بدەینە بەر بەرپرسیارێتیی بۆ دەربازکردنی گەلەکەمان لەو ناهەموارییانەی کە بەسەری دێت.

هەروەها، سلێمان عەرەب، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان، وتی: هەڵوێست و ستراتیژمان لەیەکەوە نزیکە، بۆچوونەکەمان بەگشتیی و بەتایبەت لەسەر مەترسیی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و پێویستیی یەکخستنی ناوماڵی کورد بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک یەک بوون.

جەختیشی لە گرنگیی پشتیوانیی ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە لەلایەن هێزەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و وتی: پێویستە هەموو لایەنەکان پشتیوانیی لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانێت شوێن پێی خۆی لە دەستووری داهاتووی سووریادا قایم بکات.

ش.ف