زەردەشت شەنگالی: بۆ یەکێتی گەلی ئێزدی ساڵێکی گرنگمان تێپەڕاند

یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە، باس لە ڕووداوە گرنگەکانی ٢٠١٨ لە شەنگال و ناوچەکەدا دەکات ڕایدەگەیەنێت، کە بەرەو پێشچوون بەدەستهاتووە و ئەو ساڵە بۆ گەلی ئێزدیی بووە بە ساڵی یەکڕیزیی.


دەربارەی پێشکەوتنە سیاسیی، سەربازیی و کۆمەڵایەتییەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا لە سنووری شەنگال، زەردەشت شەنگالی، یەکێک لە فەرماندەکانی یەبەشە بۆ ڕۆژنیوز دووا.

"لە ٢٠١٨ بەرەوپێشچوون هەبوو"

زەردەشت شەنگالی باس لە ساڵی ٢٠١٨ دەکات و دەڵێت، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و هەرێمەکە بە تایبەت، پێشکەوتنی بەرچاو دروستبوو، کە کاریگەرییان بەسەر شەنگالەوە هەبووە، وتیشی:"لە سەرەتادا کەسایەتی شۆڕشگێڕی گەورە و پێشەنگی گەلی ئێزدی مام زەکی بەبیردەهێنمەوە، گەلی شەنگال بەگشتی و بەتایبەت یەبەشە و یەژەشە دوورنەبوون لەو سیاسەتەی ئێستا لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبرێت، ئەوەش بە ئەرێنی بێت یان نەرێنی کاریگەریی خۆی هەبوو، ئێمە بۆ ئازادی گەلێک بەرخۆدان دەکەین، ئەو تێکۆشانەش بۆ داهاتووشمانە، ئەم شێوازە بەرخۆدانەش لە مێژووی ناوچەکەدا نەبووە، بۆیە بێگومان هەموو گۆڕانکارییەکان کاریگەرییان دەبێت".

"هێرشەکانی تورکیا لاوازی هەرێم و بەغدایە"

شەنگالی باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کردو وتی: دوای دووایین هەڵبژاردن لە عێراقدا، دەوڵەتی تورک هێرشەکانی چڕترکردەوە لە سنوورەکانی باشوری کوردستان و عێراق، چوونی باڵیۆزی تورک بۆ کەرکوک ئەوەی پیشاندا، کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت وەک پارێزەرێکی عێراق خۆی پیشان بدات، هەم سەردانەکەی باڵیۆز و هەم بەردەوامیی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانی دەوڵەتی تورک، لاوازی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقمان پیشان دەدەن.

"سیبا شێخ خدر و تل عزێر ڕادەستی ئێمە کرا"

زەردەشت شەنگالی باسی لە ڕۆڵی شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە کرد و وەها درێژەی بە قسەکانیدا: دوای ئەوەی حەشدی شەعبی لە سنوورەکە کشایەوە، یەکێک لە پێشکەوتنەکان ئەوەبوو، کە گوندەکانی سیبا شێخ خدر و تل عزێر کەوتنە ژێر پاراستنی شەڕڤانانی ئێمەوە، ئێمە لە ڕزگارکردنی ئەو سنوورەدا بەشداریی چالاکیمان کردبوو، لە سیبا شێخ خدر شەهیدیشمان دا، بەڵام دواتر سنوور دیاریی کران، لە مەدیبانەوە هەتا شەنگال-خەتی چیا لە دەستی ئێمەدا بوون، دوای هەوڵددانە دیبلۆماسییەکان، ئەو شوێنانە بۆ ئێمە چۆڵکران، کە شوێنی ستراتیژین.

"کێشەمان لەگەڵ خودی قائیمقام نییە"

دەربارەی گەڕانەوەی قائیمقامی پێشووی شەنگال، زەردەشت شەنگالی بە گەڕانەوەیەکی سیاسیی ناوی هێناو، وتیشی: قائیمقام ویستی بەگەڕانەوەی ڕێگری بکات لەو هاوکارییانەی بۆ شەنگال دێن، هەروەها دەیانویست ڕێگری لە سزادانی ئەو کەسانە بکرێت کە دەستیان هەبووە لە کۆمەڵکوژییەکانی شەنگالدا، بێگومان ئێمە هیچ کێشەیەکی شەخسیمان لەگەڵ خودی کەسایەتی قائیمقامدا نییە، بەڵام ئەو پەیوەستی ئەقڵییەتێکی کۆنە کە گەلی ئێزدی پێ قبوڵ ناکات، هەربۆیە ڕێگری لێکراو ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ شەنگال نەدرا، ئەوەش یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکان بوو کە لە ٢٠١٨دا ڕوویدا.

شەنگالی باسی لەوەکرد، کە بۆ ئەوەی ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی جێگای خۆی بگرێت، دەبێت ڕۆشنبیران، سەرۆک هۆزەکان، لایەنە سیاسیی و سەربازییەکان و وەرگرتنی بۆچوونی گەلی ئێزدی بەگشتی، کەسێک بۆ بەڕێوەبەریی هەڵبژێرن و وتیشی: ئێمە وەک یەبەشە کەس دیاریی ناکەین و ناڵێین کێ بکەنە قائیمقام و کێ نەکەن، ئێمە دەڵێین کێ گەل بەڕێوە دەبات با گەل دیاری بکات.

"کشانەوەی گەریلاکان گرنگ بوون"

ئەو فەرماندەیەی یەبەشە، کشانەوەی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار-ی لە سنووری شەنگال بە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی ٢٠١٨دا لە قەڵەم دا و وتیشی: گەریلاکان لە مانگی ٣دا کشانەوە، ئێمە وەک شەڕڤانان دەتوانین وەها بڵێین، بەهاتنیان پێشیان لە فەرمانێکی گەورە گرت، هاتنیان قڕکردنی ئێزدیی و پیرۆزییەکانی گەلی ئێزدییان وەستاند، کشانەوەشیان پێشگرتن بوو لە فەرمان و گەلەکۆمەیەکی دیکە کە دەکرایە سەر گەلی ئێزدی.

زەردەشت شەنگالی وتی، دەبێت ڕای گشتی نێودەوڵەتی، دەوڵەتی عێراق و هێزە هەرێمییەکان هەر ئەرکێک لەسەر شانیان بوو پێکی بهێنن و وەها درێژەی بە قسەکانی دا "ئێمە پارچەیەکین لە دەوڵەتی عێراق، بۆ هێرشە ئاسمانییەکان سود لە عێراق وەرگیراوە و زەمینە بۆ هێرشەکان ڕەخسێندراوە، ئێمە دەکرێت بڵێین لەو ڕووەوە هەنگاوی سیاسییمان ناوە، بەڵام دەبێت لە داهاتوودا هەنگاوە یاساییەکانیش بنێین.

شەنگالی باسی لەوە کرد، کە هێزە نێودەوڵەتییەکان هیچ هاوکاری شەنگالیان نەکردووە و وتی: ئێمە دەمانەوێت خزمەتی ئەم گەلە بکرێت، لە ساڵی نوێدا دەبێت هێندەی مەترسییەکان هەنگاویش بۆ بەرەو پێشبوون بنرێت، ئەمڕۆ ئێزدیی دۆستی هەیە، ئەوانەی خاوەندارییان لە شەنگال کردووە لە مەیدانەکەدان، بۆیە هەرکەس هاوکاری گەلی ئێزدی بکات ئێمە پێی دڵخۆش دەبین و بەهێزتر دەبین.

س.ح