هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵیی كورد لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەکانی پارێزگای كەركوك لەژێر هەڕەشەی داگیركردندان، ناوچەكەش بەهۆی هەڕەشەی بەشێك لە عەرەبی ئاڕاستەكراوەوە لە ژێر هەژموونی تەعریبدایە، دانیشتووانی سنورەکەش هۆشداریی دەدەن لە تەقینەوەی دۆخەکە ئەگەر چارەسەریی بەپەلە نەکرێت.
لە دوای ڕووداوەكانی ١٦-تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، بەشێك لەو عەرەبە سونانەی، كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا لە ناوچە كوردییەكانی سنوری پارێزگای كەركوك لە ناوچەكە جێگر كرابوون و زەوییە كشتوكاڵییەكانی كوردیان بەسەردا دابەشكرابوو گەڕانەوە و زەوییەکانیان داگیرکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بە بڕێک پارە قەرەبوو کرابوونەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان بەڵام دووبارە گەڕانەوە و ئێستاش بەشێك لەو عەرەبانە لە لایەن هێزە سونییەكانی ناوچەكە هان دەدرێن و هەوڵی بەردەوامیی داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان دەدەن لە ناوچەكە.
چەند جارێکیش بەو هۆیەوە ئاڵۆزیی لەنێوان دانیشتوان و جوتیارە کوردەکان و ئەو عەرەبانەدا ڕوویانداوە و دواین جاریش ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە به پاڵپشتیی هێزێكی سوپای عێراق، چەند خێزانێکی عەرەبی هاوردە گەڕانەوە بۆ گوندەکانی مەهاویش، کولی تەپە لە ناوچەی هەفتەغاری شارۆچکەی داقوق لە کەرکوک و دەیانویست زەوییەکانی سنوورەکە داگیر بکەنەوە، بەو هۆیەشەوە ئاڵۆزیی دروستبوو.
ئەو ناوچانەی كە لە سنوری پارێزگای كەركوك بەر شاڵاوی داگیركاری تەعریب و داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵیەكان بونەتەوە برتین لە شارەدێکانی(لەیلان، سەرگەڕان) و شارۆچكەکانی (دوبز، داقووق) كە هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی لەبەردەم هەڕەشەی داگیركردندان.
لەئێستادا لە سنوری گوندی ترجل و تركەشكان لە سنووری شارەدێی لەیلان نزیكەی سێ هەزار دۆنم زەوی كە تاپۆكانیان بە ناوی كوردەوەیە، لەژێر هەڕەشەی داگیركردندان، لەبارەی كێشەكەیانەوە، ئازاد ناسیح، دانیشتووی گوندی تەرجل بۆ ڕۆژنیوز، وتی:”لەسەردەمی ڕژێمی بەعس عەرەبەكان هاتوون ئەو زەویانەی ئێمەیان داگیركردووە ئێستاش ئێمە دەمانەوێت زەوییەكانی خۆمان وەربگرینەوە، بۆ ئەوەی ئەمانە جارێكی دیکە نەیەنەوە سەرمان، بابەتی ئەم هەوڵانە ڕۆژێك و دوان و سیان نیە، دەبێت كارێكی وەها بكرێت ئەم كارە چارەسەر بكرێت و ئەم برینە ساڕێژ بكرێت، دەمانەوێت چارەسەری كێشەكە بكرێت و جا بەغدا دەیكات یان هەرێم گرنگ چارەسەركردنیەتی”.

وتیشی: ئەم كێشەیە ماوەیەكی زۆرە بەهەڵپەسێردراوێتی ماوەتەوە ناكرێت ئێمە شەو نەخەوین بۆ ئەوەی هێرش نەکەنە سەرمان و بەڕۆژیش پاسەوانیی لە زەوییەكانمان بکەین، تا ئێستا شەڕ لە نێوانمان دروست نەبووە، بەڵام گەر شەڕ دروست بێت ئەوە دامركاندنەوەی نیە، بۆیە دەمانەوێت كە چارەسەری كێشەكانمان بكەین، چونكە ئێمە خاوەن مافین و تاپۆمان هەیە.
بەپێی ئەو بەڵگانەی كە دەست ڕۆژنیوز كەوتووە، زەوییە كشتوكاڵیەكانی گوندی ترجل و تركەشكان بە ناوی كوردەكانی دانیشتووی ئەو دوو گوندەوەیە، كە تاپۆی ڕەشی ساڵی١٩٥٧یان هەیە، بەڵام لە كاتی ڕاگواستن و دەركردنی كوردەكان لەسەردەمی بەعس لە ناوچەكە عەرەبی هاوردە هێنراوەتە ناوچەكە و لەلایەن ڕژێمی بەعسی ئەوكاتەوە دووبارە تاپۆیان بۆدەركراوە.
جەمال شكور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر پرسی داگیرکردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆڕۆژنیوز، وتی:”بەدڵنیاییەوە كێشەی زەوی گوندەكانی سنوری كەركوك نابێت وەها بمنێتەوە، ئەو چارەسەرانەی كە ئێستا هەن كاتین و وەكو بەنج وایە، ئێمە داوامان كردووە هەم لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، هەم لە سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش، کە دەبێت ئەم كەیسەیەكلایی بكرێتەوە ئەگەریەكلای نەكرێتەوە مەترسیی زۆر گەورەی لەسەرە”.

وتیشی:”لەمڕۆژانەدا بینیمان کێشەکە لە سنووری دوبز و سەرگەڕان لە سنوری داقووق و لەیلان گەیشتە ئەو ئاستەی پێكدادان ڕووبدات، ئەگەر وابێت و دۆخەكە بەردەوام بێت ئەوكاتە حكومەتی عێراق بەرپرسیار دەبێت”.
ڕوونیشكردووە:”چەندین لیژنە بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە دروستكراوە، لیژنەكان كار دەكەن و ئەنجامی كاری لیژنەكان دڵخۆشكەرن بۆ خەڵكی گوندەكان، هەروەها خۆمان دەزانین دۆخی كەركوك هەستیارە و وەك شارەكانیدی کە نییە دەبێت حكومەتی عێراقی گرنگیەكی تایبەت بدات بە كەركوك و ئەو كێشانەی لە شارەكەدا هەن، كە كێشەی ئەمنی و ئیداریین و كێشەی زەوییە كشتوكاڵیەكانە كێشەی تەعریبە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران هۆشداریشیدا:”بابەتی كەركوك و تەعرریب مەترسیدارە دەبێت حكومەتی هەرێم لە سەر مێزی گفتوگۆ كێشەی كەركوك هاوتەریب لەگەڵ كێشەكانی تر چارەسەر بكات، ئەو لیژنەیەشی كار بۆ ئەو بابەتە دەكات لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە پێکهێنراوە ئێستا كار لەسەر پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكەن لەبەر ئەوەی لەم ماوەیەدا كێشەكان زیادیكردووە، لیژنەكەش بەم زوانە ڕاپۆرتی خۆی لەسەر وردەكاریی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان دەدات بە سەرۆك كۆمار”.
لەگەڵ دیاركردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە لایەن مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەرەبی هاوردە بە هاندان و پشتیوانیی هەندێک هێزی سیاسیی دەستیان كردووەتەوە بە جوڵە بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵیەكانی كەركوك ئەوەش بە مەبەستی تەعریب و زیادكردنی هەژموونی خۆیان بۆكاتی هەڵبژاردن و لاوازكردنی كورد لەڕووی پێگەی دەنگدانەوە لە ناوچەكە.
ک.س