زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی چێشتخانەی دەنیز بەر لە شەهیدبوونی چەندین جار لەلایەن میتی تورکەوە هەڕەشەی لێکرابوو، بەڵام ئەو لە وەڵامی هەڕەشەکاندا وتبووی: دەتانەوێت بە هەڕەشە ڕادەستبوون بەسەر ئێمەدا بسەپێنن، بەڵام لێرەوە پێتان دەڵێم؛ ئەگەر سەریشمان دانێین سەر بۆ ئێوە دانانەوێنین.
درەنگانی شەوی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢ زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی، لەلایەن دوو کەسەوە لە شەقامی سەرەکیی بەختیاریی تەقەی لێکرا و بریندارکرا، دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٧ کاتژمێر لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
پێشتر زەکی چەلەبی چەندین جار لەلایەن میتی تورکەوە هەڕەشەی لێ کرابوو، داوایان لێکردبوو کاری سیخووڕییان بۆ بکات و تەنانەت هەڕەشەیان لە خانەوادەکەشی کردبوو، بەڵام زەکی چەلەبیی ڕەتیکردبووەوە بچێتە ژێرباری هەڕەشەکانیان.
زەکی چەلەبی دوای شەهیدکردنی شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان لە شاری سلێمانی، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی مەدیا خەبەردا بەئاشکرا باسی لە هەڕەشەکانی میتی تورک کرد لەسەریان و هەڵوێستی خۆیشی دەربڕی.
چەلەبی وتبووی: هێرشکردنە سەر هەڤاڵ شوکری پەیامێک بوو بۆ باشووری کوردستان، کاک قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەمە هاتووەتە دەنگ، بەڵام بەداخەوە تائێستا پشت ئەو ڕووداوە ئاشکرانەکراوە، ئەمە پەیامێکە لە کەسایەتیی هەڤاڵ شوکری و هەڤاڵ فەرهاد-دا بۆ هەموومان.
چەلەبی ئەوەشی ئاشکراکردبوو، کە میتی تورک چەندین جار پەیوەندییان پێوەکردبوو و وتبووی: میت دەیان جار پەیوەندیی بە ئێمەوە دەکەن، هەڕەشە لە خانەوادەکانمان دەکەن، دەیانەوێت ڕادەستبوون بەسەرماندا بسەپێنن، دوژمن لەبەر ئەوەی لە چیاکانی کوردستان تەنگاو بووە و ناتوانێت هیچ بکات، بۆیە دەست بۆ کردەوەی چەپەڵ دەبات.
هاوکات ئەو داواکارییانەشی ئاشکرا کردبوو، کە میت ئاراستەی ئەوانی دەکەن و وتی: من یەکێکم لەوانەی میت پەیوەندیی پێوە کردووم، دوو جار پەیوەندییان پێوە کردووم، پێیان وتووم “چاوەڕێتین خزمەتێک بەم قۆناغە بکەیت”، بەڵام من داواکارییەکانیانمان ڕەتکردەوە، دواتر پەیوەندییان بە براکەمەوە کردبوو، دواتر داوایان لێکردم بیانبینم، منیش ئەوانم بینی، پێیان وتم؛ سلێمانی وەک جیۆپۆلەتیک بۆ ئێمە گرنگە، دەمانەوێت لەڕێگەی تۆوە زانیاریمان لەبارەی جموجوڵی ڕێکخستنەوە دەستبکەوێت.
دەشڵێت: پێم وتن من ٢٠ ساڵە وڵاتپارێزم و ٢٠ ساڵیشم لە زیندان ئاوارەییدا بەسەربردووە، هیچ شتێکتان لە من دەستناکەوێت، دواتر بە براکانم هەڕەشەیان لێکردم و وتیان ئەگەر زیرەکن با بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، ئێمە لێرە بەئاشکرا پێیان دەڵێین؛ ئێمە سەرمان دانانەوێنین.
ئەو پەنابەرە سیاسییەی باکووری کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی وتبوو، کە میتی تورک ئەوەندە لاواز و بچووک بوون، یەک بەیەک تەلەفۆن بۆ خەڵک دەکەن و هەڕەشەیان لێ دەکەن، “هەرچییەک ببێت ئێمە خۆمان ڕادەست ناکەین، تەنانەت ئەگەر کۆتاییەکەشی مردن بێت، هیچ جیاوازییەکمان لەگەڵ هەڤاڵ شوکری نییە، ئەو شەرەفی ئێمە و هێڵی سوورمانە، هەوڵدەدەین شایەنی ڕێبازی هەموو شەهیدان بین.
ب.ل