سالار مەحمود: گەورەترین مەترسی بەرامبەر داگیرکاریی بێدەنگییە

لەمیانی پانێلێكدا، سالار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، گەورەترین مەترسی بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان بێدەنگیی حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانە.


كاتژمێر 4:30 ئێوارەی ئەمڕۆ، بەرەی نیشتمانی دژی داگیركاریی، پانێلێكی لەبارەی مەترسییەكانی داگیركاریی لەسەر كوردستان ڕێكخست بۆ سالار مەحمود، پەرلەمانتاری هەرێمی كوردستان و ئەندامی بەرەی نیشتمانیی، پانێلەكە لە بارەگای نوسینگەی سلێمانی ئەكادیمیای سیاسەت و هزری دیموكراسی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، لەژێر ناونێشانی "كاریگەری داگیركارییەكان توركیا لەسەر ھەرێمی كوردستان".

لە پانێلەكەدا سالار مەحمود، ئاماژەی بەوە كرد، كە گەورەترین مەترسی بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان بێدەنگیی حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانە.

سالار مەحمود وتی: ئەردۆغان لە دوای شكستەكانی بۆ چوونە ناو یەكێتی ئەوروپا، ڕووی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست كرد و دەیەوێت ھەیمەنەی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد بكات، بە ھاتنی بۆ ھەرێمی كوردستانیش دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لە ھەرێم بچەسپێنێت.

وتیشی: توركیا دەیەوێت پەیوەندی لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی كوردستان ببڕێت، بۆ ئەوەی كورد نەبێتە ھێز لە گۆڕانكارییەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ھەروەھا دەیەوێت دەستی بە سامانی سروشتی و نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان بگات.

سالار مەحمود، ئاماژەی بەوەشكرد: حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ ھەنگاوێكی نەناوە دژی داگیركارییەكانی توركیا و بگرە ھەندێك جار ھاوكاری توركیای كردووە، ھەروەھا نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی ھەرێم لەدەرەوە نەیانتوانییوە ڕۆڵ ببینن لەوەی كە داگیركارییەكانی توركیا بگەیەننە ڕای نێودەوڵەتی، بگرە واشیان نیشانداوە كە ھیچ مەترسییەك لەسەر ھەرێمی كوردستان نییە و كوردستان وڵاتێكی زۆر ئارامە.

لە كۆتایی پانێلەكەدا، ئامادەبووان ڕا و سەرنجی خۆیان لەسەر وتەكانی سالار مەحمود و داگیركاری توركیا خستەڕوو.

 

ك.ك